مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنیان ڕاگەیاند

 مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنیان ڕاگەیاند
لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە مامۆستایان مانیان گرتووە و نەچوونەتە پۆلەکانی وانەگوتنەوە.

بەپێی زانیارییەکان مانگرتن و ناڕەزایی مامۆستایان بە نەبوونی پلان بۆ دابینکردنی هێزی ئینسانی و ڕاگرتنی دامەزراندن، کەمتەرخەمی لە بەرانبەر قوتابخانە داڕووخاو و خراپەکان کە بووەتە هۆی مەترسی لەسەر گیانی قوتابیان، دابیننەکردنی تێچووی خوێندن لەلایەین حکوومەتەوە کە پێچەوانی بەندی 30ی دەستوورە و هاوکات دۆخی گوزەران و ژیانی مامۆستایان و پێشگیری لە چالاکیی ڕێکخراوەیی مامسۆتایان بوونەتە هۆکاری ئەو مانگرتنە.

بەپێی زانیاریی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی مامۆستایان ئەمڕۆ یەکشەممە لە شارەکانی "کرماشان، ئیلام، ورمێ، سنە، مەریوان، پاوە، مەهاباد، بیجاڕ و..." شارەکانی دیکەی ئێران مامۆستایان هەرچەند لە قوتابخانەکان ئامادە بوون، بەڵام بە مانگرتن لەناو حەوشەی قوتابخانە و خوێندنگەکان، ناڕەزاییان دەربڕیوە و زۆربەی قوتابخانەکان داخراون و بوونەتە پشوو.

ڕێکخەرانی مانگرتنی مامۆستایان ئاشکرایان کردووە کە ئەم هەڵوێستەیان خۆڕسکە و لە چوارچێوەی چالاکییە ڕێکخراوەییەکان دایە و بەدوورە لە پرسە سیاسییەکان و سەر بە هیچ لایەن و باڵێکی سیاسی نییە.

هەفتەی پێشووش شۆفێری بارهەڵگرەکان بەهۆی گرفتی ئابووری و هەڵاوسان و گرانبوونی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و نەبوونی کار، لە سەرتاسەری ئێران دەستیان دایە مانگرتن.

زۆربەی کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی سەر بە کەرتی تایبەت لە ئێران، بەهۆی گرانیی کەلوپەل و گرفت لە دابینکردنی مادەی خاو و نەدانی مووچەی مانگانەی کرێکار و کارمەندەکانیان داخراون و بە هەزاران کەس بەم بۆنەوە بێکار بوون.

پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لەدژی ئێران، هەڵاوسانی ئابووری و دابەزینی نرخی تمەن لە بەرانبەر دۆلار و قەیرانی ئابووری و بێکاری و گرانییەکی لەڕادەبەدەر ئێرانی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک بەرپرسانی باڵای ئێران و تەنانەت عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئەو وڵاتەش دانی پێدا ناوە.






Top