بە بڕیاری دادگای سلێمانی (ئاسیاسێڵ) سیمکارتی مۆبایلەکەی سۆران عومەر ڕادەگرێ

 بە بڕیاری دادگای سلێمانی (ئاسیاسێڵ) سیمکارتی مۆبایلەکەی سۆران عومەر ڕادەگرێ
ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشەی ڕاگرتنی سیم کارتی مۆبایلەکەشی، بابەتی پارێزبەندیی پەرلەمانتاری بەکار دەهێنێت و بەو هۆیەوە گومانێکیش دەخاتە سەر دادوەرێک.

سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، نووسینێکی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، بە فەرمانی دادوەر، سیم کارتەکەی لەلایەن کۆمپانیای (ئاسیا سێڵ)ەوە داخراوە.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لەگەڵ دادوەر گفتوگۆی کردووە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە کە ئاخۆ “بە چ ماددەیەکی یاسایی، مۆبایلی شەخسیی پەرلەمانتارێک ڕادەگری کە پارێزبەندی هەیە؟”. لە وەڵامیشدا دادوەرەکە پێی گوتووە کە بڕیارەکەی بۆ ئەوە داوە تاوەکوو سۆران عومەر بچێتە بەردەم دادوەر.

سۆران عومەر بە هێنانە پێشەوەی دۆسیەیەکی کۆن، گومان دەخاتە سەر بڕیاری دادوەرەکە و دەڵێت، لەو گفتوگۆیەدا بە دادوەرەکەی گوتووە: “هیوادارم پەیوەندی بەوەوە نەبێ کە لەسەر دۆسیەی گرتنی شاسوار عەبدولواحید، نیگەرانی و قسە کەوتە نێوانمان”.

لە کۆتاییشدا سۆران عومەر ئەو ژمارە مۆبایلەی بڵاو کردووەتەوە کە بە بڕیاری دادگای سلێمانی ڕاگیراوە.

جگە لە سلێمانی، لە هەولێریش سۆران عومەر سکاڵای لەسەرە و تەنانەت بەرپرسانی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایان کردووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوە کردووە کە پارێزبەندیی یاسایی هەیە و بەو هۆیەوە نەچووەتە بەردەم یاسا.








باسنيوز
Top