نەجمەدین کەریم: ئەوانەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد دۆڕاندیان و ئێستا دەیانەوێ دایپۆشن

 نەجمەدین کەریم: ئەوانەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد دۆڕاندیان و ئێستا دەیانەوێ دایپۆشن
پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە تا خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، ڕای گەیاند، ئەوانەی کەرکووکیان فرۆشت، لە مێژوودا ناویان بە ڕەشی دەنووسرێ. هاوکات پێیوایە لەبەر جەماوەرەکەی یەکێتی دەبووایە لێکۆڵینەوە لە خیانەتەکە بکات.

نەجمەدین کەریم لە میانی چاوپێکەوتنێکی پڕ وردەکاریدا لەگەڵ کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵڕۆژی خیانەتە مەزنەکەی گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵاو دەکرێتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەوانەی دەستیان لەم کارە بوو و بوونە هۆی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمڕۆ دەیانەوێ ئەو دۆڕانەی لە کەرکووک ڕووبەڕوویان بووەوە، بە شتیتر دایپۆشن، بەوەی خۆیان دەردەخەن یان بەناوی ئەوەی لە کەرکووکدا لە هەڵبژاردن بردوویانەتەوە، هەموو کەسیش دەزانێ ئەو هەڵبژاردنە چۆن بووە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”بە بەڵێنی هەرچییەک بێت، کەرکووک فرۆشراوە“ و ئەو کارەشی لەو شارەدا کراوە، ”تاوانێکی گەورەیە و لە مێژووشدا هەر دەمێنێت کە لەو ڕۆژەدا چیکراوە“.

رەخنەشی لە فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق گرت، بەوەی دەبووایە لە کاتی جووڵاندنی هێزە سەربازییەکانی عێراق بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی سیاسی، ”بهاتایەتە سەر تەلەڤزیۆن“ و بڵێت کە ئەو کارەی کراوە، نایاسایی و نادەستوورییە، ئەوکاتە ”با پەرلەمان لایدایە، ئەوەش جێی شانازی دەبوو، بەڵام دیارە ئەو وەزیفەکەی بەلاوە گرنگتر بوو“.

هەر لەو دیدارەدا نەجمەدین کەریم جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی دڵنیایی بە جەماوەرەکەی بدات و ڕێزیش لە قوربانیدانی پێشمەرگە بگرێت، ”دەبووایە لێکۆڵینەوەیەکی جددی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بکردایە و ئەوانەی بەرپرسن و لەوانەیە پارەیان وەرگرتبێ یان بەڵێنی شتیان پێ درابێ، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرایە“. دەشڵێت: ”تا ئەمە نەکرێ، بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی یەکێتیدا ناکەم“.


ئەوەش ناشارێتەوە: ”ئەوانەی بە ١٦ی ئۆکتۆبەر هەڵساون، ناویان لە مێژووی کوردستاندا بە ڕەشی دەنووسرێ“.











باسنیوز
Top