کۆمسیۆن لە ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە، پرۆسەی لێکۆڵینەوە و چاوخشاندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو سکاڵایانە کۆتایی دێت کە پێشتر تۆمار کرابوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە ئاشکرا بکرێت.
هەر لەمبارەیەشەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) بڵاوی کردووەتەوە کە ئەمڕۆ کارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەبارەی سکاڵاکانەوە کۆتایی دێت و ئەو کەس و لایەنانەش سزا دەدرێن کە ڕۆژی هەڵبژاردن پشێوییان ناوەتەوە.
پێشتر ژمارەیەک لە لایەنەکان کە دەنگەکانیان کەمی کردووە، هەڕەشەی واژۆنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنیان کرد، تەنانەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە کورسییەکانی زیادی کردووە، لە ترسی ئەوەی پارتی بەهۆی زۆریی کورسییەکانیەوە حکوومەتی زۆرینە پێک بهێنێت، هەڕەشەی واژۆنەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتییان سەرپشک کرد و ڕایانگەیاند کە ئەگەر ئەمجارە یەکێتی واژۆ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکات، ”بە خەونیش ٢١ کورسی نابینێتەوە“.
لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ کە دەنگدانی گشتی بەڕێوە چوو، سەرجەم لایەنەکان لە سنووری شارۆچکەی کۆیە و پارێزگای سلێمانی گازاندەی ئەوەیان کرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی هێزەکانیەوە دەستی بەسەر ژمارەیەک بنکەی دەنگداندا گرتووە و پێشێلکارییەکی بەرفراوانیشی ئەنجام داوە و بۆ ماوەیەکیش پەیوەندیی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەگەڵ ژمارەیەک لە تیمەکانی کۆمسیۆن لە سلێمانی پچڕاوە.
باسنیوز
