پارتی ٢١٨ سکاڵای تۆمار کردووە و زۆربەشیان لە سلێمانی بوونە

 	 پارتی ٢١٨ سکاڵای تۆمار کردووە و زۆربەشیان لە سلێمانی بوونە
بەرپرسی بەشی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دەنگدان ٢١٨ سکاڵای جۆراوجۆری تۆمار کردووە و زۆربەشیان لە سنووری سلێمانی بوونە، چونکە لەوێ ساختەکاری زۆر کراوە و لە بریکارەکانی پارتی دراوە و برینداریان کردوون و تا ئێستاش بریکارێکی پارتی لە زینداندایە.



بەرپرسی بەشی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاوار نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی دەنگدان لە ھەموو ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێم سکاڵای تۆمار کردووە، بە جۆرێک لە سلێمانی ١١٦ و لە ھەڵەبجە ٣٦ و لە گەرمیان ٤٩ و لە ھەولێر ٥ و لە دھۆک ٢ سکاڵای تۆمار کردووە."



ھاوار نێروەیی گوتیشی: "سکاڵاکان چەندین جۆرن، لە سنووری سلێمانیش زیاتر لەبارەی ساختەکارییەوە تۆمار کراون، چونکە لەو سنوورە ساختەکارییەکی زۆر ئەنجام دراوە و دوو جار دەنگ دراوە و دوو بریکارمان بریندار بوون و لە بریکارەکانی ئێمە دراوە و تا ئێستاش بریکارێکی ئێمە لە زیندانی ئەواندایە."



kdp -
Top