خەسرۆ گۆران: حەوت ھەزار بریکارمان ئامادە کردووە

خەسرۆ گۆران: حەوت ھەزار بریکارمان ئامادە کردووە
پارتی لەسەر ئاستی جیاواز ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنیش دەڵێ، لە ڕێگەی حەوت ھەزار بریکارەوە چاودێریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.



خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ھەموو ئامادەکارییەکی تەواو کردووە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆ ماوەی سێ حەفتە ڕاھێنانمان بە بریکارەکانمان کردووە تا پاسەوانی و چاودێریی سندووقەکانی دەنگدان بکەن لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولدا و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان حەوت ھەزار بریکارمان ھەیە کە بۆ ھەر سندووقێک بریکارێک دیاری کراوە و پارێزگاری و چاودێریش دەکەن."



لەبارەی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "ڕاستە لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا ساختەکاری زۆر لە دەنگەمانی پارتی لەو سنوورە کرا، بەڵام ئەم جارە خۆمان بۆ ئامادە کردووە و ڕێگە نادەین بە ھیچ شێوەیەک ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا بکرێت، بەتایبەتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە."



خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاپرسی و دیراسەتی زۆر کراوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئێمە ھیچ ژمارەیەک ئاشکرا ناکەین، تەنیا ئەوە دەڵێن ڕەوشی پارتی زۆر باشە و کۆرسیی زیاتر بەدەست دێنین لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان."
kdp-
Top