لە خانەقین تەرمی چوار كورد بە سەربڕاوی دۆزرانەوە.. ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كوردیش تەقێندرایەوە

 	 لە خانەقین تەرمی چوار كورد بە سەربڕاوی دۆزرانەوە.. ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كوردیش تەقێندرایەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین گوتی، دۆخی خانەقین زۆر خراپ بووە و داعش بە شێوەیەكی بەرچاو جموجۆڵی زیادی كردووە، چوار ھاووڵاتیی كوردیشیان رفاندووە و تەرمەكانیان بە سەربڕاوی دۆزراونەتەوە، ھەر دوێنێیش ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كوردیان لە خانەقین تەقاندووەتەوە.

رۆژ بە رۆژ دۆخی خانەقین خراپتر دەبێت و بەردەوامیش بە ناوی داعشەوە لە سنووری خانەقین كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و ھێزە عێراقییەكانیش بێدەنگن و ھیچ ھەڵوێستێكیان نییە.

پێوەست بەم پرسە، رەفعەت موراد ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو لە خانەقین ژمارەیەك چەكداری نەناسراو چوار كوردیان رفاندووە و دواتریش تەرمەكانیان بە سەربڕاوی دۆزراوەتەوە و كەس نازانێت كێ ئەو كارەی كردووە، كە باس لەوە دەكرێت داعشە، بەڵام ئێمە گومانمان ھەیە و رەنگە كەسانێك بن لەناو حەشدی شەعبی ئەو كارە بكەن بە ناوی داعشەوە، بۆ ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز بێت".

موراد ئاغا گوتیشی: "ھەر دوێنێ ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كورد لە پۆلیسی خانەقین تەقێندراوەتەوە و بەو ھۆیەوە شوفێرەكەی بریندار بووە، ھەر شەوی ڕابردوویش ھێرش كراوەتە سەر گوندەكانی مەعدان و محەممەد شێربەگ و یووسف بەگ و مەردان، كە ئەمانە زۆر نزیكن و بە ناو خانەقین ھەژمار دەكرێن، بۆیە دۆخی خانەقین بە تەواوی تێك چووە و خەڵك لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردایە".
kdp-
Top