قایمقامی سۆران باسی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی کوردستان دەکا

 قایمقامی سۆران باسی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی کوردستان دەکا
قایمقامی سۆران ڕای دەگەیەنێت، ئێران هێزێکی زیاتری بۆ سنوورەکان هێناوە و ڕەبایەی دیکەی وەک یەدەگ دروست کردووە.

کرمانج عزەت، قایمقامی سۆران ڕايگەیاند: "ماوەیەکە ئێران سنوورەکانی خۆی لەگەل هەرێمی کوردستاندا توندتر کردووە و هێزی زیاتری هێناوەتە ڕەبایە کۆنەکانی و ڕەبایەی دیکەشی وەک یەدەگ زیاد کردووە".

کرمانج عزەت، ئەوەشی نەشاردەوە "هێزە ئێرانییەکان چەکی قورسیان پێیە و هێزێکی هێرشبەر نین، بەڵکوو بەرگریکەرن، بەڵام زانیاریم لەسەر قەبارەی هێزەکە نییە".

قایمقامی سۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "هێزەکان لە شوێنەکانی خۆیان جووڵەیان پێ نەکراوە و لە سنووری سیدەکان کە ناوچەیەکی سێگۆشەی سنوورییە، بەشێکی ئێران و تورکیا و هەرێمی کوردستانە، ئێران ئەو شوێنانەی کە قاچاخەڕێ و کۆنەڕێن، خۆی تێدا توند و تۆڵ کردووە".

قایمقامی سۆران ڕەتیشی کردەوە کە هێزێک بەو نیازە هێنرابێت، بۆ ئەوەی جووڵە بۆ ناو کوردستان بکات، چونکە ئەوە تا ئێستا دەنگۆیە و هیچ جووڵەیەک نییە.










باسنيوز
Top