سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا تاوتوێی شەڕی داعش دەکەن
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 17ـی ئاداری 2016، ”سەرۆك بارزانی“، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ”فوئاد حوسێن“، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ”هێمن هەورامی“، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ”فیلیپ هامۆند“، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەتەوە.
هەروەک زانراوە، تەوەری کۆبوونەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی و فیلیپ هامۆن، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش و رزگارکردنەوەی شاری مووسڵە، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکراوە.
پێشبینی دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وێڕای باسکردنی هاوکاریکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش، تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسەکانی دیکەی تایبەتمەند بە هەریمی کوردستانیش بکەن.
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە 17ـی ئادار، فیلیپ هامۆند بە فڕۆکەیەکی سەربازی و لە رێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن ”نێچیرڤان بارزانی“، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیشوازی لێکرا.
باسنیوز
