باڵیۆزی رووسیا، هیوای سەرکەوتنی بۆ پێشمەرگە و کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا خواست

 باڵیۆزی رووسیا، هیوای سەرکەوتنی بۆ پێشمەرگە و کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا خواست
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش دووپاتکردەوە و، هیوای سەرکەوتنی بۆ پێشمەرگە و کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا خواست.

دوای بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی دیداری سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 16 - 3 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوزای لە ئیلی مۆرگانۆڤ باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كونسولی گشتیی ڕووسیای فیدرال لە هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسیارێكی دیكە پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا تاوتوێ كرا و تیشك خرایە سەر كاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر ئێستا و داهاتووی ناوچەكە بە گشتی.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕووسیای فیدراڵی كرد بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییەی وڵاتەكەیان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی كوردستان و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ڕووسیای فیدراڵ. جەختی لەوەش كردەوە كە بۆ شكاندنی تیرۆریستانی داعش لە كوردستان و ناوچەكە، پێشمەرگە پێویستی بە هاوكارییی بەردەوامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كرا و تیشك خرایە سەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەمبارەیەشەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدرال چارەسەر بكات و هەر بەم ڕێگەیەش بیر لە شێوازێكی دیكەی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا بكرێتەوە، چونكە شێوازی پەیوەندیی پێشتری هەولێر و بەغدا شكستی هێناوە و سەركەوتوو نەبووە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی، هەروەها پشتگیریی ڕووسیای فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ پێشمەرگە و كوردستان لەو شەڕەدا خواست.
Top