سەرۆك بارزانی: ئەگەر پەكەكە تەقینەوەكەی ئەنكەرەی کردبێت شەڕی کورد و تورک دروست دەبێت

 سەرۆك بارزانی: ئەگەر پەكەكە تەقینەوەكەی ئەنكەرەی کردبێت شەڕی کورد و تورک دروست دەبێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەیگەیێنێت سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كێشەكان چارەسەر دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە" دواخستنی سەربەخۆیی دەرەنجامی باشی نابێت". گوتیشی: ""ئەگەر پەكەكە لە پشت تەقینەوەكەی ئەنكەرە بێت شەڕی کورد و تورک دروست دەبێت".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤنیكی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی كە شەوی چوارشەممە 16-3-2016 پەخشدەكرێت باسی چەندین مژاری گرنگی سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی دەكات.

مەسعود بارزانی سەبارەت بە دواخستنی سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەڵێت‌: "بە بڕوای من هەر دواخستنێك دەرنجامی باشی نابێت، هیچ شتێك نەما نەیكەین بۆ پاراستنی عێراق بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، پێویستە ئەوەش بە بیر بهێندرێتەوە كە لە دیباجەی دەستووری عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە پابەندبوون بەو دەستوورە گرێنگی پاراستنی یەكگرتوویی عێراق دەدات، لەڕاستیدا حكومەتی عێراقی پابەند نەبووە بەو دەستوورە و دەیان نموونەش هەیە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە سەر یەكگرتوویی عێراق پرسیار دەكات و دەڵێت‌: "بۆچی لە سەر ئەزموونێكی شكستخواردوو بەردەوام بین؟ ئایا مەعقولە بۆ جارێكی دیكە بۆ شەڕ و كوشتن بگەڕێینەوە یان بە سەقامگیری بە ئاشتی و برایەتی بژین و هاوكاری یەكتر بكەین، ناوچەكەش سەقامگیر دەبێت گەلەكەمان بەرەوە بونیاتنان و سەقامگیری پێشكەوتن بڕوات".

سەبارەت بە تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەنكەرە كە بووە هۆی كوژرانی 37 كەس و برینداربوونی 227 كەسی دیكە، مەسعود بارزانی دەڵێت‌: "تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كردەوە نەخراوەتە پاڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام ئەگەر بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەلمێندرا پارتی كرێكارانی كوردستان لە پشت ئەو كردەوەیەوە بووە، ئەوە تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە یەكەمجار بەرامبەر گەلی كورد".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەترسی خۆی سەبارەت بەو تەقینەوە دەردەبڕیت و دەڵێ‌:" كارەساتێكی گەورە دروستدەكات و كێشەكان گەورەتر دەكات و بەرەو ئاڕاستەی شەڕێكی بەرفراوانی میللی لە نێوان كورد و تورك لە توركیا دەڕوات".

شەوی یەكشەممە 13-3-2016 ئۆتۆمبێلێك لەناوجەرگەی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا تەقینەوە و بەپێی دوایین زانیارییەكان 37 كەس كوژران و 127 كەسی دیكەش برینداربوون، 19 لە بریندارەكانیش باری تەندروستیان ناجێگیرە.








رووداو
Top