یەکێکی دیکە لە زیندانییە هەڵاتووەکانی رانیە خۆی رادەستکردەوە

یەکێکی دیکە لە زیندانییە هەڵاتووەکانی رانیە خۆی رادەستکردەوە
رۆژی سێشەممە 15-3-2016 یەکێکی دیکە لە سێ زیندانییە هەڵاتووەکەی رانیە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردەوە و، دوای وەرگرتنی گوتەکانیشی گوێزرایەوە هەمان ئەو زیندانەی لێی هەڵاتبوو.

محەممەد فازیڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لەو سێ زیندانیانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی راپەرین رایانکردبوو، خۆی رادەستکردەوە و ئێمەش گوتەمان وەرگرتووە، پاشان گواستومانەتەوە بۆ هەمان ئەو زیندانەی لێی رایکردبوو".

شەوی 28-2-2016، 3 برا کە بە تۆمەتی کوشتن زیندانیکرابوون، لە زیندان رایانکرد، دوای 10 رۆژ لە راکردنیان یەکێکیان خۆی رادەست کردەوە، ئەمڕۆش یەکێکی دیکەیان لە نێو قەزای رانیە خۆی رادەست کردەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو " ئەوان کلیلیان پێبووە و لەکاتی راکردنیاندا لەدەرەوەی زیندان ئۆتۆمبێلێک چاوەڕوانی کردوون".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەرین هەروەها گوتی "هێزەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەو کەسەی دیکە کە تاوەکو ئێستا خۆی رادەست نەکردووەتەوە، بۆ ئەوەی دەستگیری بکەنەوە، ئەو پۆلیسانەش کە لە کاتی راکردنی زیندانەکان دەوامیان هەبووە لە زیندانەکە و پاشان دەستگیرکران، تاوەکو ئێستاش ئازاد نەکراون".
Top