سەرۆک بارزانی: هیچ هێزێك ناتوانێت كورد لە پێشكەوتن ڕابگرێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکیدا لە ڕۆژی کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی - دهۆک باسی لەوە کرد کە مانگی ئازار مانگی قەدەری كوردە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ هێزێك ناتوانێت كورد لە پێشكەوتن ڕابگرێت و جەختیشدەكاتەوە، كە هیچ قەیرانێك نابێتە ڕێگر لەو چاكسازییەی دەستیانپێكردووە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی ئەمریكی – دهۆك وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، مانگی ئازار مانگی قەدەری كوردە بەوەی خۆشی و ناخۆشیەكان لەو مانگەدا بووە، چونكە كورد زیاتر لە 2 هەزار ساڵە لە خەباتكردن بۆ ئازادی بەردەوامە..
سەرۆکی هەرێم وتیشی: “كاتێك داعش هێرشیكردە سەر باشووری كوردستان، كاركردن لەو زانكۆیە نەوەستا، ئەوەش خۆڕاگری گەلی كورد دەردەخات و هیچ هێزێك ناتوانێت كورد لە پێشكەوتن ڕابگرێت”.
بارزانی ڕاشیگەیاند، هیچ قەیرانێك نابێتە ڕێگر لەو چاكسازییەی دەستیانپێكردووە و بەردەوام دەبن.
