داوا لە حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکرێت ئامادەکاری بکات بۆ دروستکردنی هەیکەلیەی هێزی ئاسمانی

داوا لە حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکرێت ئامادەکاری بکات بۆ دروستکردنی هەیکەلیەی هێزی ئاسمانی
پەرلەمانتارێک ئاماژە بەوە دەکات، چەند دەزگایەکی هەواڵگری لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنی دیاریکراوی بەرپرسی یەکەمی داعش دەدەن. ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە گرنگە هەیکەلیەی ئاسمانیی کوردستان بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو ئامادە بکات.
"شاخەوان عەبدوڵڵا"، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: “ستراتیژیەتی شەڕی سوپای عێراق بەرانبەر بە داعش هەڵەبوو، لە میحوەرێک وەڵامی دەدانەوە و لە محیوەرەکانی دیکە بێ دەنگ بوو، ئەوە وای کرد داعش بە ئارەزووی خۆی لە میحوەرەکانەوە هێزەکانی ئاڵوگۆڕ بکات، دواتر سوپای عێراق ستراتیژیەتی شەڕی گۆڕیوە، ئێستا لە سەرجەم بەرەکانەوە هێرش دەکاتە سەر داعش، بۆ ئەوەی هێزی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە نەگوازێتەوە”. بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، ستراتیژەکە سەرکەوتوو بووە و تاڕادەیەک باش بووە، بەڵام داعش کە ئێستا زانیویەتی هێرش دەکرێتە سەر مووسڵ، لە شاری "ڕەقە"وە هێزی بۆ مووسڵ جووڵاندووە، کە ئامانج لەو ستراتیژیەتەی ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانێت مووسڵ بە دەستەوە نەدات، ئەوە لە ڕێگای بەرگرییەوە بیەوێت زیانێکی زۆر بە سوپای عێراق بگەیەنێت.



شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت: دەزگا هەواڵگرییەکان کار لەسەر دۆزینەوە شوێنی "ئەبوبەکر بەغدادی"، خەلیفەی ڕێکخراوی توندرەوی داعش، دەکەن، بەڵام دەزگای هەواڵگریی عێراق لاوازە، چونکە ئەوەی لەگەڵ داعشە، عێراقیەکانن، ئەوانیش کار بۆ دەزگای هەواڵگریی عێراق ناکەن و دڵیان بە عێراق ناسوتێت، تا زانیاری بە هەواڵگریی وڵاتەکەیان بدەن، چونکە ئەگەر وابووایە، لەم ڕۆژانە بەغدادی لە نزیک فەلوجە بووە، هیچیان پێ نەکراوە".



ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەیکەلیەتی هێزی ئاسمانی ئامادە بکات، بە تایبەتیش مەشق و ڕاهێنان و دیاریکردنی بنکە بۆ ئەو هێزە ئامادە بکات، تاوەکو ئەگەر لە حاڵەتی لەناکاودا پێویست بوو، هەرێمی کوردستان هێزی ئاسمانیی خۆی بخاتە کار.













باسنيوز
Top