سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە ئیدانە دەکات

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە ئیدانە دەکات
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئەنقەرە بڵاو کردەوە و بە توندی ئیدانەی کرد.



بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ، سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 13\3\2016ی شاری ئەنقەرە بڵاو کراوەتەوە، بە توندی تەقینەوەکە ئیدانە کراوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەو ڕووداوە کراوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران خواستراوە.



ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:



ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 13ـی 3ـی 2016 لە ئەنجامی كردەیەكی تیرۆریستی لە ناوەڕاستی شاری ئانكارای پایتەختی توركیا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە دەكەین، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.

تیرۆر و تۆقاندنی هاووڵاتیان و تێكدانی ئاساییش و ئۆقرەیی خەڵك لەژێر هەر پاساو و ناوێكدا بێت كردەیەكی ترسنۆكانە و نامرۆڤانەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان و گرفتەكان قووڵتر دەكاتەوە. ئومێدی ئەوە دەخوازین هەرچی زووترە كۆتایی بە تیرۆر و شەڕانگێزی بێت و ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

14ـی 3ـی 2016




باسنیوز
Top