سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەک لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی رێکخراوی بەدر، دوایین پێشهاتەکان و پێویستی لەنێوبردنی داعشی تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 12-3-2016، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پیرمام، لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و شاندێكی یاوەری کۆبووەتەوە و بیروڕایان لەبارەی دواپێشهات، گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕكردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەلیم جبووری، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی سەردانەكانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و توركیا ئاگاداركردووەتەوە. هاوکات هەردوولا باسیان لە شەڕی داعش، قۆناخی دوای لەنێوچوونی داعش، قەیرانی دارایی و مەترسییەكانی سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق كردووە.
