"ڤاتیکان پاڵپشتی بۆ حکوومەت و خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە"
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9 - 3 - 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە ئارچ بیشۆپ باڵیۆزی ڤاتیكان بۆ عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك كەسایەتیی ئایینی مەسیحی لە كوردستان پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا بیشۆپ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سڵاوی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە پاش دوا سەردانی بۆ ڤاتیكان، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تۆكمەتر بوونە و بەردەوامیش نزای سەركەوتن و خێر بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن. هەروەك دەستخۆشیشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشوازیكردن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر بە تایبەتی كرستیانەكان.
لە لایەكی دیكەی قسەكانیدا پاڵپشتیی بەردەوامی ڤاتیكانی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بەتایبەتی بۆ ئەو كلتوورە جوانەی پێكەوەژیان كە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە و هیوای خواست ئەم كلتوورە لە هەموو ناوچەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگ بداتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا و جەختی لەوە كردەوە كە كرستیانەكان ڕەگ و ڕیشەیەكی دێرینیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا هەیە و ئەوان بەشێكی گرنگ و دانەبڕاوی كۆمەڵگەی كوردستانن. هەروەك دووپاتی كردەوە كە كلتووری پێكەوەژیان مێژوویەكی دوورودرێژی لە هەرێمی كوردستان هەیە و هەموو پێكهاتەكانیش شانازی بەو كلتوورەوە دەكەن.
ئەوەشی خستە ڕوو كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن ئەو شەڕ و توندوتیژیەی ئێستا ناوچەكەی گرتووەتەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە مەترسیی تیرۆرستانی داعش لەناو ببرێت و ئاوارە و پەنابەرانیش بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و تا لە هەرێمی كوردستانیشن بە هەموو شێوەیەك و بەپێی توانا، خزمەت و هاوكاری دەكرێن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە پێشكەش كرد و ڕێگە چارەكانیشی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو. داواشی كرد سڵاو و رێزی تایبەتی بەڕێزیان بگەیەننە قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و هەمیشە خەڵكی هەرێمی كوردستانی لەیاد بێت و لە دوعا و نزاكان بێبەشیان نەكات.
