هەزار بنەماڵەی رۆژهەڵاتی لە ساڵانی رابردووەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە
ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان باسکردن بوو لەسەر رەوشی پەنابەرانی ئێرانی بە گشتی و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی بەتایبەت کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەیانەویست دڵنیا ببنەوە لەوەی کە حکومەتی هەرێم گرینگی دەداتە ئەو پەنابەرە رۆژهەڵاتیانەی کە بە هۆکاری جیاواز وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەم رێکخراوە چەندین جار جەختیان خستە سەر شێوازی ژیانی پەنابەرە رۆژهەڵاتییەکان و داوایان کرد بۆیان روون بکرێتەوە کە ئایا ئەم پەنابەرانە بە چ شێویەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ناسنامە و کارتی نیشتەجێبوونیان دەدرێتی یان نا،یاخود ئەگەر بیانەوێت لە کەمپەکان بچنە دەرەوە چۆن دەچن. ئەمانە هەموو کۆمەڵێک بابەت بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا باسیان لەسەر کرا.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتەنێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بە تەواوی هەوڵەکانی حکومەتی بۆ هاوکاری پەنابەرە رۆژهەڵاتییەکان خستەروو و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم ئەوەی لە تونایدا بووە ئەنجامیداوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو پەنابەرە رۆژهەڵاتییانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە کەمپەکان نیشتەجێیان کردوون و پێداویستی و کەل و پەلە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کردوون، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی سێ هەزار بنەماڵەی رۆژهەڵاتی لە ساڵانی رابردووەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەگەر لەلایەن یەکێک لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان کە لە هەرێمی کوردستانن پشتگیری کرابن ئەوە بەڵگەی مانەوە و کارکردنیان دراوەتێ لەم هەرێمەدا".
لە کۆتاییدا زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی دین و نەتەوە هاوکاری هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دەکات کە روو لە هەرێمەکەی دەکەن و پەنابەرە رۆژهەڵاتیەکانیش لەمە بە دەر نین، چۆن هاوکاری پەنابەرە سووری و ئاوارە کریستیانەکان دەکرێت بە هەمانشێوە هاوکاری پەنابەرە رۆژهەڵاتییەکان کراوە و بەپێی توانا پێداویستییەکانی رۆژانەیان بۆ دابین کراوە.
