حكوومەتی هەرێم؛ مەترسیی قەیرانی دارایی بۆ وڵاتانی گرووپی حەوت خستە ڕوو

 حكوومەتی هەرێم؛ مەترسیی قەیرانی دارایی بۆ وڵاتانی گرووپی حەوت خستە ڕوو
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی چاكسازى و چارەكردنی قەیرانی دارایی؛ بۆ نوێنەرانی حه‌وت وڵاتە بەهێزەكەی جیهان كە بە وڵاتانی G7 ناسراون، ئاشكرا كرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 7/3/2016 (نیچیرڤان بارزانی) سەرۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران، لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی G7 و نوێنەری یۆنامی و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە عیراق كۆبوونەوە.

لە سەرەتای كۆبونەوەكه‌دا (نێچیرڤان بارزانی) بە گەرمی به‌خێرهاتنى شاندی میوانى كرد و ستایشى دەستپێشخەرییەكەیانی كرد بە سەردانیان بۆ شاری هەولێر. دواتر باسی لە مەترسیی قەیرانی دارایی لەسەر هەرێمی كوردستان كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر هۆكارەكانی كە بریتین لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ كوردستان، شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان.

سەرۆكوەزیران بۆ شاندی میوان ڕوونى كردەوە كە قەیرانی دارایی مەترسییەكی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بۆیه‌ حكوومەتی هەرێم پلانێكی تۆكمەی بۆ تێپه‌ڕاندنى ئەو قەیرانە داڕشتوە و داواى كرد وڵاتانی جیهان هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان له‌م قه‌یرانه‌ دەربازى ببێت.

دواتر (قوباد تاڵەبانی) پلانی چاكسازیى حكوومەتی هەرێمی كوردستانى بۆ شاندی میوان شیكردەوە و باسی لە وردەكاریی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرد كە دواجار دەبێتە چاكسازییه‌كى گشتگیر لە هەموو سێكتەرەكانی حكوومەتدا. باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ سەرەكیترین خاڵی ئەم پلانە دروستكردنی هاوسەنگیەكی باشه‌ لە نێوان خەرجی و داهاتی حكوومەت كە 95%ی داهاتی فرۆشتنی نەوته‌.
لە درێژەی خستنەڕووی پلانی چاكسازیى حكوومەتدا، بەڕێزیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئامانج لە پلانی چاكسازى؛ ڕێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و باشتركردنی ژیان و بژێوی خەڵكە.

دواتر شاندیG7 سەرنج و تێبینیی خۆیان سەبارەت بە پلانەكە خستە ڕوو و ئامادەییشان بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمى كوردستان دەربڕی و داویان كرد پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا ئاسایی ببێتەوە بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەیەكتر ببینن.

لە بەرامبەردا (نێچیرڤان بارزانى) ئامادییى حكوومه‌تى بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییه‌كان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها داواى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى گرووپى G7دا كه‌ له‌ تۆكیۆ ده‌به‌سترێت، گرنگى به‌ دۆخى كوردستان بدرێت.

له‌ كۆبونەوەكه‌دا هەریەكە لە د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، عەلی سندی وەزیری پلاندانان، سەفین دزەیی وتەبێژیی فه‌رمیى حكوومەت و فه‌لاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، ئاماده‌ بوون.
Top