عەبدولڕەحمان سدیق: با ڕێککەوتنامەکەی جەزائیرمان لەبیر نەچێ و، پەندی لێ وەربگرین
ئەمڕۆ کە ٤١ ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنە شوومەی جەزائیردا تێدەپەڕێ، ئەم ڕێکەوتنەی کە پیلانێک بوو دژی کورد و ستەم لە کورد کرا، پیلانێکی دەولی بوو لە دژی کورد؛ پێوەست بەم ڕێککەوتنامە شوومە، نووسەر و توێژەر (عەبدولڕەحمان سدیق) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتننامەکەی ١٩٧٥ـی جەزائیر ڕێککەوتنامەیەکی فرەلایەن بوو؛ دەستی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات و ئێران و ئەمریکا و جەزائیری تێدا بوو؛ یەکێتیی سۆڤیەت لە (٩/٤/١٩٧٢)ـدا پەیماننامەیەکی ستراتیژیکی لەگەڵ عێراقدا مۆر کردبوو، ئەمە بوو بە مایەی ترسی شای ئەوسای ئێران، خۆی ئێران لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی نیوەی (شەتولعەرەب) ئامادە بوو پشت لە کورد بکات و لەگەڵ عێراق ڕێک بکەوێت و (هێنری کیسنجەر) وەزیری درەوەی ئەوکاتی ئەمریکا بوو نەخشە داڕێژەریی سەرەکی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بوو؛ جەزائیریش لە بەرژەوەندی دابوو ئەو ڕیککەوتن نامەیە لەوێدا مۆر بکرێت بۆ ئەوەی پەیامێکی سیاسی بە ناوخۆی جەزائیر بدات بە (ئەمازیغیەکان)؛ ئاخر ئەمازیغییەکانیش وەک کورد داوای مافیان دەکرد؛ دەیەویست پێیان بڵێت کە چارەنووسیان وەک کورد دەبێت ئەگەڕ شۆرشێک دژی جەزائیر بەرپا بکەن."
عەبدولڕەحمان سدیق لەو باوەڕەدایە کە دەبێ بە وریاییەوە لە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێستا بڕوانرێ و وانە لە ڕێکەوتنێکی وەها وەربگرین؛ "جا لێردا ئەم ڕێککەوتننامە شومە پێمان دەڵێت کە دەرس و پەندی لێ وەربگرین پێویستە زۆر ئاگاداری پەیوەندییە دیپلۆماسەکانمان بین لەپاڵ سەرکەونتە سەربازییەکانمان و، با چاک بزانین کە سیاسەت ھەمیشە دەڕوانێتە بەرژەوەندیدا نەک دۆستایەتی؛ ئێستاکە پێویستە سوود لە ھەلومەرجی نێودەوڵەتی وەربگرین و بەردەوام ئاگاداری گۆڕانکارییە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بین و، ھەموو ڕەھەندەکانی سیاسەتی ناوچەکە و جیهان بە وردی بخوێنینەوە."
