به‌سه‌رپه‌رشتی سەرۆك بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌

 به‌سه‌رپه‌رشتی سەرۆك بارزانی،  پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌
بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی سەرۆك بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.




بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (6.3.2016) ئه‌نجام بدرێ و تێیدا پرسه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، شێوازی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و دوا دەرئەنجامی کۆمیتەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، باس ده‌كه‌رێ، وه‌ك چۆن عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ ڕاگه‌یاند.



پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ئه‌وه‌ی باس كردبوو كه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ و پرسی حكوومه‌ت یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌.



عارف ڕوشدی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە کۆبوونەوەکه‌، پرسی دۆخی عێراق و چاکسازییەکانی ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بچووککردنەوەی حکوومەتی بەغدا، لەگەڵ بابه‌تی ڕێکخراوی توندڕەوی ده‌وڵه‌تی ئیسلام (داعش) و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە، تاوتوێ دەکرێت.









باسنیوز
Top