سەرۆك بارزانی: دەستبەسەر سامانی نایاسایی و حەرامدا دەگیرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-3-2016 سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆك بارزانی، لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پرۆژەیەکی چاکسازییان داوەتە سەرۆك بارزانی و لە بەرامبەریشدا بارزانی رایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە نێو حکومەت و حیزبیش پێویستی بە هەموو کەس و لایەنێکە.
فەرحان جەوهەر گوتی: سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە بە رێگەیەکی یاسایی و بە حەڵاڵی سامانیان کۆکردووەتەوە، دەبێت بەپێی یاسا باج بە حکومەت بدەن بەبێ جیاوازی، ئەوانەشی بە رێگەی نایاسایی و بە حەرامی سامانیان کۆکردووەتەوە دەبێت بە یاسا دەست بەسەر سامانەکانیاندا بگیرێت".
سەبارەت بە کارەکانی ئەو لێژنانەی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بارزانی پێکیهێناون رایگەیاندووە، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەو لیژنەیە بڵێت سەری چاوتان برۆیە، ئەوان دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموو کەسێک هەیە لە هەموو ئاستێکدا.
رۆژی سێشەممە 1ـی 3ـی 2016 سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری، دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و رایگەیاند: "لە پرۆسەی چاکسازیدا نابێ هیچ لایەن و كەسێك، لە هەر پلە و پایە و پێگەیەكدا بێت ئیستیسنا بكرێت و پارێزبەندی هەبێت لە لێپێچینەوە". گوتیشی: "لەبەرانبەر هەر كەس و لایەنێکدا دەوەستمەوە كە كۆسپ و تەگەرە بۆ پڕۆسەی چاكسازی دروست بكات یانیش مل بۆ بڕیارەكان كەج نەكات".
بڕیارەکانی چاکسازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
بڕیارەکانی چاکسازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان
رووداو
