نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی كلتوری پێكەوەژیانی كوردستان دەكات

نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی كلتوری پێكەوەژیانی كوردستان دەكات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2 - 3 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ڕیتا ئێزساك بڕیاردەری تایبەتیی پرسی كەمینەكان لە
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا خاتوو ڕیتا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و هەوڵ و هەنگاوە ئەرێنییەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و پێشوازیكردن و خزمەتكردنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر دەربڕی و هەبوونی كلتوری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگای كوردستان و هاندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر جێگیركردنی ئەو كلتورەی بەرز نرخاند، دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەنایەكی ئارامی ژیان و گوزەرانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بێت و ئەمەش جێگەی رێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

بەڕێزیان ئەوەشی خستە ڕوو كە نیازی وایە سەردانی چەندین دەڤەری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كەمپی ئاوارە و پەنابەران بكات بۆئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ژیان و گوزەرانیان بێت و ڕاپۆرتێك لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئامادە بكات. هەروەها بەردەوامیی پشتگیریی خۆیشی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری مافی مرۆڤدا پیشان دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردان و ڕێنماییانە كرد كە بەرێزیان خستیە ڕوو و ئاشكرای كرد كە سەرەڕای باری قورسی دارایی، بەڵام خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان باوەشیان بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر كردووەتەوە و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین كردوون و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات بۆ سووككردنی ئەو بارە قورسەی كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێم، بەتایبەتی بۆ زیاتر هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرێزیان باسی لە مێژووی دوورودرێژی كلتوری پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی كۆمەڵگەی كوردستان كرد و دووپای كردەوە كە خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە شانازی بەو كلتورەوە دەكات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە قووڵتركردنەوەی ئەو كلتورە بەردەوام دەبێت و یاساكانیشی بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لەو هەنگاوە دەكەن. جەختی لەوەش كردەوە كە ئەم كلتورە ڕەنگدانەوەی باشتر و زیاتری لە دەستووری داهاتووی هەرێمی كوردستاندا.

Top