ئەسقەفی کەنداو و قوبرس و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست: ھەرێمی کوردستان باشترین شوێنە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە پێکەوەژیانی ئایینی تێدا سەقامگیرە

ئەسقەفی کەنداو و قوبرس و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست: ھەرێمی کوردستان باشترین شوێنە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە پێکەوەژیانی ئایینی تێدا سەقامگیرە
ئەسقەفی کەنداو و قوبرس و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کەنیسەی ئەنگلیکانی:

لە شوێنی حەوانەوەی مستەفا حەریری خاوەنی گوندی لوبنانی لەشاری ھەولێرو بە ئامادەبوونی مەتران مایکل لویس ئەسقەفی کەنداوو قوبرس و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کەنیسەی ئەنگلیکانی ، کە لە ئێستادا بە سەردانێک لە شاری ھەولێرە، ئێوارەخوانێک سازکرا و پارێزگاری ھەولێرو کونسوڵی تورکیا و سعودیەو بەرپرسانی حکومی و حزبی کوردستانی و عێراقی و عەرەبی تێیدا ئامادەی بوون.
سەرەتا بەرێز نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر بەخێرھاتنی میوانەکەی کرد بۆ پایتەختی کوردستان و ھیوای خواست کاتێکی خۆشی تێدا بباتەسەرو ھیوای خواست ھاتنی ئەو ببێتە ھۆی پتەوی پەیوەندیی نێوان پێکھاتەکان و ئەو پێکەوە ژیانەی لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە قووڵتر بکرێت و بتوانێت یارمەتی و ھاوکاری ماددی و مەعنەوی بۆ ئاوارەکان دابین بکات بەتایبەتی ئەوانەی لە دەشتی نەینەوا ئاوارە بووینەو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.
دواتر مەتران مایکل لویس ئەسقەفی کەنداوو قوبرس و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بەرپرسە لە کریستیانەکانی ١٠ وڵاتی ئەم ناوچەیە (خۆشی بەرپرسی قودس و کەنداوو عێراقە)، وتەیەکی پێشکەش کرد، پێشەکی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ھاتنی بۆ ھەرێمی کوردستان و گوتی: ئەوە جارێ سێیەمە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەم، ئامانجی سەردانەکەم بۆ ئەوەیە تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو یارمەتیانە بم کە ھەرێمی کوردستان پێشکەشی ئاوارەکانی دەکات.
گوتیشی: من نەھاتووم تاکو لە ئێوەوە بزانم کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەیوەندی بە ئیسلامی راستەقینە ھەیە یان نا، بەڵکو ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە ئیسلام ئاینی لێبوردەیی و خۆشەویستییە، ئەوانەی داعشیش دەیکەن دوورە لەو ئامانجە.
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ لای ئاوارەکان، مەتران مایکل لویس گوتی: لەم سەردانەمدا یەکەم کەس کە چاوم پێیکەوت، مەتران بەشار وەردە بوو لە شارۆچکەی عەنکاوە، دواتر سەردانی ئاوارەکانم کرد کە لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن و سڵاو و نوێژی خوشک و برا کریستیانەکانی جیھانم پێ راگەیاندن.
سەبارەت بە پەیامی بەرێزیان لە پابەندبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە یارمەتیدانی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان، مەتران مایکل لویس گوتی: دەمەوێ ئەوە بە جیھان بگەیەنم کە ھەرێمی کوردستان زۆر بە رێکوپێکی بایەخ بە ئاوارەکان دەدات بۆیە ئەرکە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش یارمەتی بدەن، لەکۆبوونەوەم لەگەڵ بەرێز وەزیری ناوخۆ زۆر بەباشی بۆم روون بۆوە کە ئاوارەکان کە ژمارەیان نزیکەی ٢ ملیۆن کەس دەبێت لە بارودۆخێکی زۆر باشدان، بۆیە لە کاتی گەڕانەوەم بەھەموو شێوەیەک کار لەسەر ھاوکاریکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە.
گوتیشی: کەنیسەکەمان تا ئێستا یارمەتییەکی زۆری بەسەر ئاوارەکان دابەشکردووە بە گشت پێکھاتەکانەوە لە موسلمان و کریستیان و ئێزیدی، ھەروەھا بە دروستکردنی کەمپ بۆ ئاوارەکان.
دەربارەی ئەو کریستیانانەی بەھۆی ھەرەشەی داعشەوە عێراقیان جێھێشتووەو ئایا داوایان لێدەکات بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، مەتران مایکل لویس گوتی: ناتوانم داوا لە کەس بکەم لەو شوێنە بژین کە پێیان خۆش نییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ھەموو پیاوە ئایینییەکانی کریستیان داوایان کردووە کە کریستیانەکان لە زێدی باووباپیرانیان بژین و بەھیچ شێوەیەک شوێنی خۆیان چۆڵ نەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، مەتران مایکل لویس گوتی: لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان باشترین شوێنە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە گشت پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و کەمە نەتەوایەتییەکان بە ئاشتی و ئارامی ژیانی تێیدا بەسەر دەبەن، بەتایبەتیش بۆ کریستیانەکان
Top