لەهەولێر شوێنی زەویدان بە کرێچی و هەژاران، دیاری کراوە

 لەهەولێر شوێنی زەویدان بە کرێچی و هەژاران، دیاری کراوە
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی شارەوانیی ھەرێمی کوردستان تائێستا نزیکەی ٣٠٠ھەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی تۆمار کردووە؛ لە پارێزگای ھەولێر و دھۆکیشدا شوێنی زەوییەکەیش دیاری کراوە.



(د.سیراج خەیلانی) ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "کاری دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەژار و کرێنشینان ھەندێک کاتی دەوێت لەبەر ئەوەی ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش کردووە، ژمارەیان زۆرە و ڕەنگە هەموویان نەگرێتەوە، جا ئەمە کاتی دەوێت تا ناوەکان دیاری و ھەڵاویر دەکرێن، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆر بەجیدی کاری لەسەر دەکات و لێی بەردەوامە."



(سیراج خەیلانی) گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند مانگی دی کارەکە تەواو ببێت و دەست بکرێ بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەژار و کرێچییاندا و، ئەوەندەی نەماوە.



ئەو گوتیشی، دیاریکردنی زەوی، ئەویش بەشێکە لە کارەکانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، بەڵام ئەمەش پێویستی بەکار ھەیە و لە ماوەی مانگێک دەتواندرێت لە ڕێگەی شارەوانییەکان زەوی دابین بکرێت، ئەوەی زۆر گرنگە ھەڵاویکردنی ناوەکان کە کێ پێویستە سوودمەند بێت و مستەهەقی وەرگرتنی زەوییە.



لە پارێزگای ھەولێر و دھۆکدا شوێنی زەوییەکەیش دیاری کراوە؛ ئەوەی ھەولێر دەکەوێتە گەڕەسۆر و باغەمنارە و گەزنە و، لە دھۆکیشدا لە سێمێل و دۆمیز زەوی دیاری کراوە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانیدا هێشتا شوێنی زەوییەکە دیاری نەکراوە.
Top