سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە
ڕۆژی سێشەممە 1ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژ لەمەڕ جێبەجێكردنی بڕیار و دانانی میكانیزم لەبارەی پڕۆسەی چاكسازی، لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكی و دادوەری لێكۆلینەوەی دەسپاكیی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە پێویستیی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەروەها مەترسییەكانی تەشەنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەسەر سەقامگیری و داهاتووی وڵات كرد و پشتیوانیی تەواوی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ دادوەرەكان و ئەندامانی دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستپێكردنی چاكسازی ئەركێكی نیشتیمانیی پیرۆزە و ئەوە داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستانە و پاڵپشتیی دەكەن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەو پڕۆسەیەدا نابێ هیچ لایەن و كەسێك، لە هەر پلە و پایە و پێگەیەكدا بێت ئیستیسنا بكرێت و پارێزبەندی هەبێت لە لێپێچینەوە و، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو توانایەكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دەستەڵاتی دادوەری و دەستە چاودێرییەكانی كوردستان بتوانن بە باشترین شێوە پڕۆسەی چاكسازی جێبەجێ بكەن. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە ئەو وڵاتە دەتوانێ سەربەرز بێ كە دادپەروەریی تێدا بەرقەرار بێت و دەستەڵاتی دادوەرییش بەهێز و پارێزەری سەروەریی یاسا بێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هیچ كەسێك لە چارەنووس و ئیرادەی گەل باڵاتر نییە و گەلیش دادپەروەری و چاكسازی دەوێت و چارەنووسیشمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێ دراوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە دادوەر و دەزگە و دەستە چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت جێبەجێكاری پڕۆسەی چاكسازی دەبن و ڕایشیگەیاند كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە پاڵپشتیی تەواویان دەكات و لەگەڵیان دەبێت و شەخسی خۆی لەبەرانبەر هەر كەسێك دەوەستێتەوە كە كۆسپ و تەگەرە بۆ پڕۆسەی چاكسازی دروست بكات یانیش مل بۆ بڕیارەكان كەج نەكات.
لەبەرانبەردا دەستەڵاتی دادوەری و دەزگە چاودێرییەكان و دادوەرانی دەستەی دەسپاكیی سەرجەم شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەڵێنی ئەوەیان دا كە پێشمەرگەئاسا جێبەجێكاری پڕۆسەی چاكسازی و بڕیارەكانی چاكسازیی سەرۆك دەبن و هەر چی لە توانایان دایە درێخی نەكەن بۆ سەرخستنی چاكسازی و داوایشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە پاڵپشت و پشتیوانیان بێت.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە باسیان لە بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی كرد و سەرۆك بارزانیان لەو كۆسپ و تەگەرانە ئاگادار كردەوە كە لەبەردەم ئەرك و كارەكانیاندا هەن و داوای كارئاسانی و هەماهەنگیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كرد. هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردووی چاكسازی، چەندین پێشنیار و هەنگاوی عەمەلییان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی خستەڕوو و هەر لە كۆبوونەوەكەیشدا بڕیاری پێویست لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری چاكسازی و تێبینی و پێشنیارەكانیان درا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و باسی لە داهاتووی كوردستان و مافەكانی گەلی كوردستان كرد.
