سەرۆكی دیوانی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پێشنیاركراو لەبارەی چاكسازی روون دەكاتەوە

سەرۆكی دیوانی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پێشنیاركراو لەبارەی چاكسازی روون دەكاتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی گشتی، كاراتركردنی دام و دەزگاكانی حكومەت و كەم كردنەوەی خەرجیەكانی، ژمارەیەك پرۆژە و پێشنیار تاووتوێ‌ دەكرێن و دواتر جێبەجێ‌ دەكرێن.


لەبارەی پرۆژەی پێشنیاركراو بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی چاكسازی و رێك خستنەوەی هەیكەلی حكومەت و دووبارە دارشتنەوەی دام و دەزگاكان، نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەری فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "گرنگترین هەنگاوی چاكسازی و رێكخستنەوەی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە چاكسازی ریشەیی ئەنجام بدرێت ئەگەر نا هیچ جورە چاكسازیەكی تر بۆ واقعی ئێمە سوودی نییە".


هەروەها گوتی " بۆ ئەم پرۆژە پێویستە پێش هەر هەنگاوێك ئەم خالانە لە ئارادابن ( 1- ئیرادەی سیاسی 2- هەلبژاردن و پشت بەستن بە كەسانی بە توانا وپاك و دلسوز بۆ ئەنجامدانی پرۆسێسەكە لە هەموو روویەكەوە. 3- سوود وەرگرتن لە تەكنولوژیایی پێشكەوتوو. 4- هۆشیاركردنی خەلك بە وردەكاری پرۆژەكە و بەدەستهێنانی متمانەیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەكە 5- دارشتنی پلان و بەرنامە بۆ جێ‌ بە جێ‌ كردنی پرۆژەكی چاكساژی بەپێ‌ قۆناغ قۆناغ و بۆ هەر قۆناغێك ئەولەویات دەستنیشان بكرێت)، بەمە دەتوانین باشترین زەمینە بۆ چاكسازی مەبەست دابین بكەین.


سەروكی دیوانی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا "كێشە و گرفت زورن لەوانە پەیكەری رێكخستنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی واقیعی كارگێری و گەیشتن بە رەوتی كارگێری هاوچەرخ توانای نەبووە و نابێت، و كۆمەلێك خالی نەرێنی لەگەڵ دا بووە جا چ لەلایەنی ژێرخان یاخۆد لەپەیوەندیەكانی لەگەڵ ژینگەی ناوخۆی و دەرەوەیدا ، ولە گونجان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی شارستانی و تەكنۆلۆجی بێ‌ توانابوو" .


هەروەها گوتی" ئێستا پێویستە پرۆسەی چاكسازی و پێشخستنی دامەزراوەیی كەرتی گشتی، لە میانەی پرۆگرامێكی گشتگیر بەجەخت لەسەر بنەمای زانستی دەست پێ‌ بكرێت بۆ لە خۆگرتنی كۆمەلێك ستراتیژو سیاسەتی لەگەڵ یەكتر گۆنجاو بۆ گەیشتن بە حكومەتێكی بە توانا ، كاریگەر ، هاوچەرخ ، روون و پر بەرهەم".


نێچیرڤان ئەحمەد دووپاتیكردەوە، یەكەم هەنگاو و گرنگترین تەوەری ستراتیژی پێویستە لە تەوەری پەیكەر كردنەوە دەست پێ‌ بكات وەك یەكێك لە گرنگترین تەوەرە سەرەكیەكانی پرۆسەی چاككردنی كەرتی گشتی و دواتر دەست بە پێداچوونەوە بە یاسا و رێسا و رێنماییە كاراكانی هەرێم بكرێت لە پێناو هەمواركردن و نوێكردنەوەیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تواناسازی دامەزراوەكانی كەرتی گشتی هەروەها گوتی "خۆم توێژینەوەیەكم پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و ماوەیەكی درێژ بوو سەرقالی ئەم پرۆژەیە بووم و بەخوشحالی یەوە بریاری لەسەر دەرچووە و لیژنەیەك پێك هێنراوە بۆ دیراسەت كردنی ئەم پرۆژەیە و دواتر ئەنجامەكانی دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دووا بریار لەسەر پرۆژەك" .
پرۆژەكەش لەم تەوەرانەی خوارەوە پێك هاتووە:


1- پەیكەری تازەی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای كارگێری هاوچەرخ دانراوە و لەگەل پەیرەوی ناوخۆی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەم پرۆژەیە پەیكەرو پەیڕەوی ئێستای كار پێ‌ دەكەین ئەگەر رەزامەندی لەسەر درا نامێنێ‌.


2- توێژینەوەكە لەدوو تەوەر پێك دێت یەكێك لەتەوەرەكانی ستراتیژی یە كە پەیكەری رێكخستنی دامەزراوەیی حكومەت لە خۆ دەگرێت و تەوەری دیكە دامەزراوەیی یە كە پەیكەری رێكخستنی فەرمانگەكانی حكومەت لە خۆ دەگرێت.


3- تەوەرێكی دیكە تایبەتە بە یاساو رێساكانی رێكخەری فەرمانبەرێتی گشتی و لەوانە پێشنیاركراوە پرۆژە یاسایەكی راژەی شارستانی هەرێمی كوردستان دابنرێت و رێسای پێناسە و پۆلینی فەرمانبەرایەتی و هەروەها رێبەری فەرمانبەری حكومی لە هەرێم و رێبەری هەڵسەنگاندنی كارایی فەرمانبەرێتی و رێسای رێكخستنی كارگێری بۆ دامەزراوە یان فەرمانگە و هتد.


نێچیرڤان ئەحمەد دووپاتی كردووە لەم توێژنەوەیەدا رێگاچارە بۆ زور لە كێشە و گرفت بەپێ‌ یاسا دانراوە لەوانە كەم كردنەوەی دام و دەزگاكان و میلاكات و هەروەها لەم توێژنەوە ژمارەی وەزارەتەكان لە (19) وەزارەت و (3) وەزیری هەرێم كەم دەكرێتەوە بۆ تەنها (10) وەزارەت لەهەمان كات دا بۆ لادانی بازنەكانی رۆتین و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا پشت بە سیستەمی یەك دەروازە "single window" یاخۆد "one stop shop" بەستراوە.
Top