سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا: نازانین کەی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ دەستپێدەکات

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا: نازانین کەی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ دەستپێدەکات
وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا و سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هاوبه‌شی‌ سوپای‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا باسیان له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ كرد و رایانگه‌یاند، پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ ده‌ستپێكردووه‌ و ئه‌و شاره‌مان به‌ته‌واوه‌تی‌ دابڕاندووه‌ و ناهێلێن چه‌كدارانی‌ داعش په‌یوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ دەو‌روبه‌ری‌ خۆیاندا هه‌بێت.

كه‌مێك پێش ئێستا له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هاوبه‌شدا ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا و جه‌نه‌ڕاڵ جۆزیف دانفۆرد، سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هاوبه‌شی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ له‌ ماڵپه‌ری‌ فه‌رمی‌ پنتاگۆن په‌خشده‌كرا، باسیان له‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ كرد و را‌یانگه‌یاند، بۆ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ هاوكاری‌ زیاتری‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق ده‌كه‌ین.

ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا وتی‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عیراقییه‌كان كار ده‌كه‌ین بۆ ئازاد كردنی‌ شاری‌ موسڵ و پێمان وایه‌ شه‌ڕی‌ موسڵ وه‌ك شه‌ڕی‌ رومادی‌ وایه‌ كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان پێشه‌نگ بوون تێیدا و ئێمه‌ش هاوكاری‌ زیاتری‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌كه‌ین.

وتیشی‌: ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش كاره‌كانمان له‌ عیراق و سوریا جێبه‌جێ بكه‌ین، تاوه‌كو نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌و دوو وڵاته‌ ببن به‌هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مریكا و لێمان دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌.

جه‌نه‌ڕاڵ جۆزیف دانفۆرد، سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هاوبه‌شی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، عیراقییه‌كان پلانی‌ خۆیان سه‌باره‌ت به‌ئازادكردنی‌ شاری‌ موسڵ ئاماده‌كردووه‌ و ئێمه‌یان له‌و پلانه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و له‌ئێستادا ئێمه‌ش تاوتوێی ئه‌و پلانه‌ی‌ عیراق ده‌كه‌ین و به‌دڵنیاییه‌وه‌ هاوكارییه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی‌ موسڵ بۆ عیراقییه‌كان زیاتر ده‌بێت.

وتیشی‌: پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ ده‌ستیپێكردووه‌ و ئه‌و شاره‌مان به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆیدا دابڕاندووه‌ و ناهێلێن په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ ده‌و‌روبه‌ری‌ خۆیاندا هه‌بێت و به‌به‌رداومیش بۆردوومانی‌ پێگه‌كانی‌ داعش ده‌كه‌ین له‌ سنووری‌ شاره‌كه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، "بۆ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ هاوكاری‌ زیاتری‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی‌ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی‌ رومادی‌ فێری بووین، له‌ موسڵ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندی ئینته‌رنێتیه‌وه‌، ئه‌وا هه‌وڵده‌ده‌ین په‌یوه‌ندی داعش له‌ رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ بپچڕێنین، له‌شه‌ڕی‌ ئازادكردنی‌ موسڵدا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ شوێنێكی‌ گونجا و نزیكی‌ سوپای‌ عیراق بین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جیاواز له‌ شه‌ڕی‌ رومادی‌ هاوكاری‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام ئازادكردنی‌ موسڵ ئۆپراسیۆنێكی‌ ته‌واو جیاواز ده‌بێت له‌ ئازاد كردنی‌ شاری‌ رومادی‌".

له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ رۆژنامه‌نووسێكدا، كه‌ ئایا پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ له‌مساڵدا ده‌ستپێده‌كات جه‌نه‌ڕال جۆزێف دانفۆرد وتی‌: به‌ڕاستی‌ نازانم و ناتوانم پێشبینی بكه‌م چ كاتێك پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم له‌ ئێستادا خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ین.

پێشتریش حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق رایگه‌یاندبوو، پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ نزیكه‌ و 2016 ساڵی‌ كۆتایی هاتنی‌ داعش ده‌بێت له‌ عیراق.

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا هێزێكی‌ زۆری‌ سوپای‌ عیراق به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ، ره‌وانه‌ی‌ شارۆچكه‌ی‌ مه‌خمور كران و له‌لایه‌ن راوێژكاره‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ مه‌شق و راهێنانیان پێده‌كرێت.





خه‌ندان-
Top