باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا: گەورەترین هەڕەشە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووبێتەوە، قەیرانی داراییە
لە دیدارێكدا بەڕێز سیمۆنێ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا دەربڕی و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵیان و جەختی لەسەر پەیامی پشتگیری و پشتیوانیی یەكێتیی ئەورووپای بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی ئەرك و چالاكییەكانی نێردەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و عێراق خستە ڕوو.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان لە نزیكەوە ئاگادری ڕەوشی هەرێمی كوردستانن و ستایشی ڕۆڵی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و كردنەوەی باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و لەمبارەیەشەوە ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن. هەروەك ئاشكرای کرد كە لە ماوەی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان بۆی دەركەوتووە گەورەترین هەڕەشە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووبێتەوە، قەیرانی دارایییە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاریكاری و هاوكارییەك پیشان دا. دواتر بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو تەحەدیاتانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، خستە ڕوو، لەوانەش بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، شەڕی تیرۆرستانی داعش، هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت كە هەموویان كاریگەریی زۆر نەرێنییان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان هەبوو. هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بەو ڕێكار و چاكسازییانە كرد كە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی دایناون و بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم هیوا دەخوازێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و بەتایبەتی دۆستان و هاوپەیمانان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بن و واقعبینانەتر سەیری ڕەوشی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و جەختی لەوە كردەوە گەر بەغدا نیازی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕوایەكی تەواوی بەوە هەیە کە بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەری بۆ سەرجەم كێشەكان بدۆزرێتەوە بەتایبەتی لەم هەڵومەرجەدا كە هەردوولا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە دابین بكات كە بە حكوومەتی عێراقی دەدات.
