ئەدهەم بارزانی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی

ئەدهەم بارزانی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند "پارتی گۆڕانكاری لە سەركردایەتییەكەیدا دەكات لە سلێمانی و ئەدهەم بارزانی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لەو دەڤەرە".

ئەو سەرچاوەیە كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، گوتی "لەسەر داوای سەرۆك بارزانی، ئەدهەم بارزانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی". گوتیشی "ئەم بابەتە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیش باسكراوە".

ئەدهەم بارزانی لە 2/4/2014 دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی پێشكەش كرد و سەرقاڵی دامەزراندنی حیزبێكی نوێ بوو، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 18/2/2016 گەڕایەوە نێو پارتی و تاوەكو ئێستاش بەشداری لە دوو كۆبوونەوەی سەركردایەتیی حیزبەكەیدا كردووە كە دوایینیان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بوو.

ئەدهەم بارزانی هەفتەی رابردوو 22/2/2016 لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) لەبارەی هۆكاری گەڕانەوەی بۆ نێو پارتی گوتی "كە گەڕامەوە ناو پارتی هیچ مەرجێكی تایبەتم نەبووە، بەڵكو هەندێ مەرجی كاركردنم هەبووە كە بتوانم رۆڵی خۆم لەهەندێ كاری سەرەكیدا ببینم و ئینشائەڵلا لە ئایندەیەكی نزیكدا دەردەكەوێ". بەڵام ئامادە نەبوو جۆر و شێوازی كاركردنی خۆی ئاشكرا بكات.

لەبارەی دەنگۆی كاركردنیشی لە سلێمانی ئەدهەم بارزانی گوتی "هەر شوێنێك پێویستی بە من هەبێ دەچم. من دەمەوێ‌ ببمە بەشێك لە چارەسەری كێشەكان و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، بۆ ئەوە ئامادەم بچمە دۆزەخیش. سلێمانی بەشێكە لە سنووری خەباتی پارتی. بەڵێ هەر كاتێك پارتی داوام لێ بكات بە شانازییەوە دەچمە سلێمانی. من كەیفم بە سلێمانی دێ و رۆژانە پەیوەندی بەردەوامم هەیە و ئامادەم بچمە ئەوێ‌".

عزەددین بەرواری، ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتییە لە سلێمانی كە سەرپەرشتی لقەكانی سلێمانی، دەوروبەری سلێمانی، هەڵەبجە، رانیە و قەڵادزێ‌ دەكات.

سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی لەبارەی پێگەی حیزبەكەی لەو شارە كە بە پێگەی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دادەنرێ، بە (رووداو)ی گوت "پارتی كەمتەرخەمیی نەكردووە، بەڵام ژینگەكە لەبار نەبووە لە سلێمانی و پارتی لێرە دەسەڵاتدار نییە".

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی غیابی ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی حیزبەكەی دەكات كە خەڵكی سلێمانین و دەنگیان بۆ سلێمانی هەژمار ناكرێ "پارتی 50 هەزار دەنگدەری خەڵكی سلێمانی هەن كە لە هەولێرن، چونكە ئاوارەی شەڕی ناوخۆن و دەنگەكانیان بۆ سلێمانی هەژمار ناكرێ". بۆیە وەك سەعید سەلیم دەڵێت "پارتی دەبێ ستراتیژی تایبەتی هەبێ بۆ سلێمانی و ئەم ستراتیژییەتە پێویستی بە مودێلێكی جیاوازی كاركردن هەیە كە نابێ وەكو هەولێر و دهۆك بێ".

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە كۆنگرەی 13 لە ساڵی 2010 دەنگی لەسەر دراوە، پارتی لە هەر پارێزگایەك ئەنجوومەنێكی سەركردایەتی دەبێت و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی دەكرێتە بەرپرسی ئەنجوومەنەكە، بەڵام ئەدهەم بارزانی ئێستا تەنیا ئەندامی سەركردایەتییە.

لە كۆی 50 ئەندامی سەركردایەتی پارتی، 15یان ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتین و بە بڕیاری مەسعود بارزانی ئەو ئەندامانە هەڵبژێردراون.

سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ "ئەدهەم بارزانی پێش ئەوەی ببێ بە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی، دەكرێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەمەش بەبڕیاری كاك مەسعود بارزانی و مەكتەبی سیاسی دەكرێ".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەنگی سێیەمە و نزیكەی 87 هەزار دەنگی هەیە كە نزیكەی 10%ی دەنگی ئەو پارێزگایەیە، چاوی لەوەیە لە سلێمانی دەنگی زیاد بكات و پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی سلێمانی بەهێز بكات.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كۆبوونەوەی 27/2/2016 كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاری دا گۆڕانكاری لەنێو حیزبدا بكرێ.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە، بە (رووداو)ی راگەیاند "بڕیار دراوە لێژنەیەك پێكبهێنرێ كە چەند پێشنیازێك لەسەر گۆڕانكاری نێو حیزب و بەرنامەی چاكسازی سەرۆك بارزانی ئامادە دەكەن و بڕیارە دوای 15 رۆژی دیكە، راپۆرتی لێژنەكە لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی پارتیدا بخرێتەڕوو".

بەرپرسی لقی چواری پارتی لەبارەی گۆڕانكاری لە سلێمانی دەڵێت "بەفەرمی باسی گۆڕانكاری لە سلێمانی نەكراوە، بەڵام پارتی پێویستی بە گۆڕانكارییە لە ستراتیژییەتی كاركردندا لەم دەڤەرە، چونكە سلێمانی بۆ كاركردن گۆڕەپانێكی كراوەیە". گوتیشی "جەماوەری پارتی لە سلێمانی سۆزێكی تایبەتی هەیە بۆ بنەماڵەی بارزانی و بێگومان بوونی كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی لە سلێمانی كاریگەری خۆی دەبێ".












رووداو-
Top