سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەولێر دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئێڤا درداكۆڤا كونسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەولێر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعشی كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتەكەی خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەوەی كە گەلی كوردستان خۆیان بە دۆست و نزیكی گەلی چیك دەزانن. كونسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەولێر لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە كۆماری چیك بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و سەرۆك بارزانیی لە بڕیارەكانی حكوومەتی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و دابینكردنی یارمەتیی پزیشكی بۆ پێشمەرگە و هەروەها ئاوارەكان و یارمەتیدانی زانستی و تەكنیكی لەبواری گۆڕە بەكۆمەڵەكان و پزیشكی داد.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چیكی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانی و سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری چیكی كرد كە پاڵپشتی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەن و داوایشی كرد دۆستایەتیی گەلی كوردستان و گەلی كۆماری چیك قووڵتر ببێت.
