ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەک دەربارەی تەقەکردن لە مەڵبەندی یەکێتی بڵاودەکاتەوە
ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەك لە سەر تەقەكردن لە مەڵبەندی یەكێتی بڵاودەكاتەوە دەڵێت "هیچ تەقەیەك لە بارەگای مەڵبەندی 3ی یەكێتی نەكراوە".
رۆژی یەكشەممە 28-2-2016 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەكی لە سەر تەقەكردن لە مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوكردەوە.
لە روونكردنەوەكدا ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت: "رەوشی ئەمنی پایتەخت سەقامگیرە و دەزگا ئەمنیەكان لەوپەڕی ئامادەباشی دان و بە ئەركی پیشەیی خۆیان هەڵدەستن بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاونیشتمانیان".
سەبارەت بە روونكردنەوەكەی مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە رایگەیاندبوو " شەوانی 25،22 ی ئەم مانگە تەقە لە بارەگاكەیان كراوە، ئاسایشی هەولێر ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە دەڵێ:" لە هەردوو رووداوەكەدا هیچ تەقەیەك لە بارەگای مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی نەكراوە بەڵكو لە شەوی 22-2-2016 دوو كەس بەناوی ( ل.م .ن ) وە ( ا . ف . ن ) لە ئەنجامی دروستبوونی كێشە لەگەڵ یەكتر لەپێش هۆتێل گاردینا تەقەیان لە هۆتێلەكە وە تەقەكەرەكان لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر كراون" .
ئاسایشی هەولێر زانیاری زیاتر لە سەر رووداوەكە دەدات دەڵێت : "لە رووداوی دووەم لە 25-2-2016 دا كەسێك بە ناوی (ح .م) لەپێش هەمان هۆتێل تەقەی كردوە بە سەرخۆشی كە دەكەوێتە نزیك مەڵبەندی 3 وە پاسەوانەكانی مەڵبەند لە هەردوو رووداوەكەدا كە گوێیان لە دەنگی تەقەكان بووە تەقەیەكی زۆری هەواییان كردوە".
ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات كە وێنەی هەردوو رووداوەكەیان لایەو رێوشوێنی یاساییان گرتووەتەبەر بۆ دەستگیر كردنی تاوانباران و دووبارە نەبوونەوەی ئەم رووداوانە.
رۆژی 27-2-2016 مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە شاری هەولێر لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا چەند رووداوێكی قێزەون و نەخوازراو روویدان و بوونەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە هەولێر، لەوانە، كاژێر 01:02 خولەكی رۆژی 23-2-2016، ئۆتۆمبێلێكی چەكداری بێ تابلۆ تەقەی هەوایی لە بارەگای مەڵبەندی سێ كردووە كە دەكەوێتە سەر رێگەی كەركووك، هەروەها كاژێر 01:17 خولەكی شەوی 25-2-2016 لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی چەكداری بێ تابلۆ تەقە لە مەڵبەندی سێ كراوە و دواتر خۆیان ونكردووە".
لە بەرامبەردا لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر ئەو تەقەكردنانەش پۆلیس دوو گەنجیان بە ناوەكانی (ا.ف) و (ح.ن) دەستگیركردوون.
سەبارەت بە ناسنامەی تەقەتەكەرەكان گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی "ئەوان كوردن و دانیشتووی شاری هەولێرن، دانیشیان بەوەدا ناوە كە تەقەیان كردووە، بەڵام ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان و لە داهاتوودا دانپێدانانەكانیان بڵاودەكەینەوە".
