نێچیرڤان بارزانی و كونسولی عەرەبستانی سعوودیە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیان تاوتوێ كرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 28 - 2 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز د. عبدالمنعم عبدالرحمن محمود كونسولی گشتیی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز كونسولی عەرەبستانی سعوودیە سوپاسی پێشوازی گەرمی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كاری كونسولخانەی عەرەبستانی سعوودیە لە هەولێر كرد و هیوای خواست كە ببێتە پردێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە شكاندنی تیرۆرستانی داعش، بەڕێز كونسولی عەرەبستانی سعوودیە پێشمەرگەی كوردستانی بە سەری ڕم لە بەرەی دژی تیرۆردا لەقەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە مایەی شانازیی كوردستان و تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعشە.
دەربارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆریش لە هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی بەرنامەی خێرخوازیدا، بەنیازە هاوكاریی ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەمەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە. هەروەها دووپاتی كردەوە كە هاندانی سەرمایەداران و پیاوانی كاری عەرەبستانی سعوودیە لە پێشەوەی كارەكانی كونسولخانەكەیان لە هەولێر دەبێت بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی كوردستان سەرمایەداری بكەن و بەشداری لە وەبەرهێنان و پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەیدا بكەن بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان زەمینەی لەباری بۆ گەشتیاری هەیە و خواستێكی گەورەی پیاوانی كاری عەرەبستانی سعوودیەش لەمبارەیەوە هەیە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهاتن، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز كونسولی گشتیی شانشینی سعودیە لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی لەكارەكانیدا بۆ خواست. خۆشحاڵیی خۆیشی بە بەرنامەی كاری كونسولخانەی عەرەبستانی سعوودیە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ پیاوانی كار و وەبەرهێنەرانی عەرەبستانی سعوودیە لە هەرێمی كوردستان كراوەیە و دەتوانن لە هەموو بوارەكانی پیشەسازی، گەشتیاری و كشتوكاڵی و بوارەكانی دیكەدا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و بەشداری لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا بكەن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە و خواستی هەموو لایەك بۆ برەودان بەو پەیوەندیانە، بەشێكی دیكەی دیارەكە بوو.
