پۆلیسی هەولێر: تەقە لەمەڵبەندی یەکێتی نەکراوە

 پۆلیسی هەولێر: تەقە لەمەڵبەندی یەکێتی نەکراوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تەقە لە مەڵبەندی یەکێتی نەکراوە، بەڵکو تەقەكان لە ئەنجامی شەڕی چەند هاونیشتمانییەک بووە لە یانەیەكی شەوانە، كە دەكەوێتە بەرامبەر مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لەسەر ئەو تەقەکردنانەش پۆلیس دوو گەنجیان بە ناوەکانی (ا.ف) و (ح.ن) دەستگیرکردوون.

مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا چەند رووداوێكی قێزەون و نەخوازراو روویدان و بوونەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە هەولێر، لەوانە، كاژێر 01:02 خولەكی رۆژی 23-2-2016، ئۆتۆمبێلێكی چەكداری بێ تابلۆ تەقەی هەوایی لە بارەگای مەڵبەندی سێ كردووە كە دەكەوێتە سەر رێگەی كەركووك، هەروەها كاژێر 01:17 خولەكی شەوی 25-2-2016 لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی چەكداری بێ تابلۆ تەقە لە مەڵبەندی سێ كراوە و دواتر خۆیان ونكردووە".

لەبەرامبەر ئەو قسەیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی "هەموو خەڵکی شاری هەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە هەولێر لەم قۆناخەدا ئارامە و سەرو ماڵی هاونیشتمانیانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پارێزراوە".

رۆژی شەممە 27-2-2016 گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، رۆژی هەینی 26-2-2016 دوو گەنجیان بەناوەكانی (ا.ف) و (ح.ن) دەستگیرکردوون، کە پێشتر تەقەیان لە چەند شوێنێکی هەولێر و چەند کەسێک کردووە.

سەبارەت بە ناسنامەی تەقەتەکەرەکان گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی "ئەوان کوردن و دانیشتووی شاری هەولێرن، دانیشیان بەوەدا ناوە کە تەقەیان کردووە، بەڵام ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و لە داهاتوودا دانپێدانانەکانیان بڵاودەکەینەوە".















رووداو
Top