سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەخنە لە عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت
ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریك سیمۆنت باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق بە مەبەستی خۆناساندن و ئاگاداربوون لە سیاسەتی سەرۆك بارزانی لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان لە ئەوروپا دۆستی زۆری هەیە، ڕایگەیاند كە یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە فراوانكردنی ئەو پەیوەندییەدا بەردەوام دەبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە یەكێتیی ئەوروپا پێزانینی هەیە بۆ شێوازی پێشكەوتن و ئەو ژینگە دۆستانەیەی كە بۆ چالاكیی ئابووری لە كوردستاندا ڕەخساوە و ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و، ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا تێگەییشتنی هەیە لەو بارودۆخە سەختە ئابوورییەی كە بەهۆی خەرجییەكانی شەڕ و حەواندنەوەی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئارا و سەرۆك بارزانیشی لە هەوڵەكانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی ڕێگە بۆ یارمەتیدانی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا و لە وتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی بۆ سەر جیهان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ڕۆشنایی خستە سەر ئەو تێچوونە مرۆیی و ئابوورییەی كە لە ئەنجامی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقی لە یارمەتیدانی هەرێم بۆ ئاوارەكان كاریان بە پابەندبوونەكانی خۆیان نەكردووە. سەرۆك بارزانی هێمای بە قەیرانی دارایی هەرێم دا و باسیشی لەو هەنگاوانە كرد كە حكوومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە ناویەتی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی عێراق و مافەكانی گەلی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا جێگەی بایەخە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەسەر پرسە سیاسی و هەنووكەییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.
