مه‌سرور بارزانی: پێویسته جیهان دان به جیاوازییه‌كانی عێراق بنێ یا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی 100 ساڵی دیكه‌ی شكست بكات
ئه‌مڕۆ 27/2/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له پێشوازی بالیۆز(پاتریك سیمۆنێ) سه‌رۆكی نوێی نێرده‌ی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له عێراق و شاندی یاوه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێویسته جیهان دان به جیاوازییه‌كانی عێراق بنێ یا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی 100 ساڵی دیكه‌ی شكست بكات و گوتی: كاتی هاتووه بڕیارێكی بوێرانه بدرێ و بیر له رێگه‌چاره و بژارده‌ی دیكه بكرێته‌وه.
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی (پاتریك گه‌ینس) سه‌رۆكی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تیشك خرایه سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنی ئاسایش و سیاسی له ناوچه‌كه به گشتی و جه‌نگی دژ به تیرۆریستانی داعش و ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه، له‌وباره‌وه مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، ئێمه بۆ تێپه‌ڕاندنی كێشه و قه‌یرانه‌كان پێویستیمان به یارمه‌تی و هاوكاری به په‌له هه‌یه، له‌مڕووه‌وه یه‌كێتی ئه‌وڕووپا وه‌ك به‌شێكی گرنگی هاوپه‌یمانی جیهانی دژ به شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌توانی رۆڵێكی كارا بگێرێ.
هه‌ر له دیداره‌كه گفتوگۆ له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرا، له‌وباره‌وه راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به جێبه‌جێنه‌كردنی پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كان و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غدا و سه‌رنه‌كه‌وتنی سیستمی سیاسی له عێراق و ئه‌و كێشانه دا، كه له ئه‌نجامیدا كه‌وتوونه‌ته‌وه و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له هه‌رێمی كوردستان به مافێكی سرووشتی وه‌سفی كرد و رایگه‌یاند، كاتی هاتووه ئێمه ئه‌و مافه سرووشتییه پیاده بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكه‌ین، كه گه‌له‌كه‌مان ده‌یخوازێ. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه جه‌ختی له گرنگی یه‌كریزی گه‌لی كوردستان كردووه و رایگه‌یاند، یه‌كریزی كلیلی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌یه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه سه‌ر هۆكاره‌كانی قه‌یرانی دارایی و پێداویستییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان، كه وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
