سەرکردایەتی پارتی ئامادەیی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی چاکسازی سەرۆک بارزانی دەربڕی

 سەرکردایەتی پارتی ئامادەیی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی چاکسازی سەرۆک بارزانی دەربڕی
بەسەرپەرشتی (سەرۆک بارزانی) ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەیشدا سەبارەت بە بڕیارەكانی جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی پرۆسەی چاكسازی، چ لە ئاستی حكوومەتی هەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆكرا و، كۆبوونەوە دووبارە پشتگیریی و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گونجاو سەبارەت بە هەنگاوەكان دەربڕی.

دەقی راگەیاندراوەکە:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، كۆبوونەوەی نائاسایی و فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیمان ئەنجام درا و، چەندین تەوەر گفتوگۆیان لەسەر كرا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا.
لە سەرەتاى كۆبوونەوەكە، سەبارەت بەسەفەرە سەركەوتووەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەڵمانیا و بەشداریی لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونیخ گفتوگۆ كرا، دەرئەنجامەكانیشی بە باش هەڵسەنگێندرا.

لە تەوەرێكی دیكەدا، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و ناوخۆی كوردستان بە تایبەتی كرا و، ئەگەر و پێشهاتەكان خرانە بەر باس و لێكۆلینەوە و، باس لە هەنگاوی پێویست كرا بۆ خۆئامادەكردن كە لە ئاستی ئەو ئەگەر و رووداوانەدا بن.

هەروەها كۆبوونەوە، بابەتی ناوخۆی پارتیمان و هەندێك گۆڕانكاریی پێویستى خستە بەرباس، كە بەشێكی دیراسە كراوە و هەندێكی دیكەش پێویستیی بە دیراسەتكردنە، تا لە داهاتووێكی نزیكدا جێبەجێ بكرێن.

لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە بریارەكانی جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی پرۆسەی چاكسازی، چ لە ئاستی حكوومەتی هەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆكراو، كۆبوونەوە دووبارە پشتگیریی و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گونجاو سەبارەت بە هەنگاوەكان دەربڕی.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوە، رۆڵی پێشمەرگە نەبەزەكانی كوردستانی بەرز نرخاند و سلآوی بۆ كەسوكاری شەهیدانی سەربەرزی كوردستان نارد.


ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٧شوباتی ٢٠١٦
Top