نێچیرڤان بارزانی: مووچەی مانگی 2 بەمزوانە دابەش دەکرێت

 نێچیرڤان بارزانی: مووچەی مانگی 2 بەمزوانە دابەش دەکرێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ناتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بۆری نەوتی کوردستان تەقیندراوەتەوە یان نا و هەروەها ناتوانم دان بەوەدا بنێم کە پەکەکە کارێکی وایکردبێت".

زیاتر لە 10 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرنی نەوتی کوردستان- بەندەری جیهان راگیراوە، پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆرییەکە تەقێندراوەتەوە و پەنجەی تۆمەتیش ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەو سنوورە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەیە، ئەوەی کە تەقیوەتەوە یان نەتەقیوەتەوە ئێمە بەڕاستی ناتوانین بڵێین کە تەقاوەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆرییەکە کون کراوە و نەوتی لێ دزراوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر پرسیار ئەوەیە کە من بتوانم دان بەوەدا بنێم کە ئەو بۆرییە لەلایەن پەکەکەوە تەقێندراوەتەوە، نەخێر من ناتوانم شتی وا بڵێم".

رۆژی 24-2-2016 دەمهات عەگید، گوتەبێژی کەجەکە بە میدیاکانی پەکەکەی راگەیاند، ئەوان بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان نەتەقاندووەتەوە، تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە رووها هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە، هێزەکانیان شتێکی لەو شێوەیەیان نەکردووە، ناشزانن کێ شتی وایکردووە.

رۆژی 16-2-2016 لە سنووری شاری رووها (ئورفە) ی باكووری كوردستان، هێرشكرایە سەر بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان. ئەو بۆرییە بە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و بەشی زۆری باجەكەش دەكەوێتە ئەستۆی فەرمانبەران، سەفین دزەیی دەڵێ پێشتریش چەندجارێک پەکەکە بۆرییەکەی تەقاندووەتەوە، ئەمجارەش هەر پەکەکە بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی هەڵدەگرێت.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌ و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "زیانی تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە بۆ هەرێمی كودستان رۆژانە نزیكەی 14 بۆ 15 ملیۆن دۆلار دەبێت".















رووداو
Top