سەرۆك بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆ بوونهوە
ئهمڕۆ پێنجشەممە 25ـی 2ـی 2016 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
لەم دیدارەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، (سەرۆك بارزانی)ی لە ستراتیژی و هەوڵە تازەكانی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش ئاگادار كردەوە؛ هەروەها باسی لەو پێشڤەچوونە مەیدانی و سەربازییانە كرد كە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا وەدەست هاتوون، بە تایبەتی باسی لە بایەخی ستراتیژیی ئۆپهڕاسیۆنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی شنگال كرد كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر لاوازبوون و گۆشەگیربوونی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریادا هەبووە.
جەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) هەروەها باسیشی لەو هەوڵانە كرد كە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی دارایی و سەربازییهوه لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا، كە لە ماوەی كاركردنی لە ئەركە جیاجیاكان لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەدا پێكەوە سەركەوتنی مەزنیان تۆمار كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان و ناوچەكە قۆناغێكی هەستیار و مێژوویی تێدەپەڕێنن.
لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ئەرك و ماندووبوونەكانی جەنەڕاڵ (ئۆستن)ی كرد و بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستانی وەسف كرد. لە بەشێكی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی داراییی هەرێم، باسی لە بارودۆخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە بەرەكانی شەڕ و جەختیشی لەوە كردەوە كە، هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە كار و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و پاشهڕۆژی ئەو وڵاتە و ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپهڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و، قۆناغی دوای داعش و چارەنووس و پاشهڕۆژی ناوچە ئازادكراوەكان لە پارێزگای نەینەوا تاوتوو كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە و (جەعفەر شێخ مستەفا) و فەریق (شێروان عەبدوڵڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
