"سەرۆك بارزانی لە میونشندا پاڵپشتیی زۆر باشی بۆ ڕیفراندۆم بەدەست هێناوە"
(سەرۆک بارزانی) لە سەردانەکەی میونشندا دەرگایەکی دیکەی جیهانی بەسەر کورددا کردەوە؛ وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن، سەرۆک ڕاشکاوانە پێی ڕاگەیاندوون کورد ڕیفراندۆم دەکا و بۆ پرسی پێشمەرگە و قەیرانی داراییەکەی هەرێمیش، فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای باش تێگەیاندووە و، ئهو سێ زلهێزهیش بهڵێنی پشتیوانیی خۆیانیان بۆ (بارزانی) دووپات كردووهتهوه.
پێوەست بەم پرسە (خەسرەو گۆران) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەموو هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمدا، بۆ ئەوەیە پشتگیری و پاڵپشتیی بۆ بابەتی دەوڵەتی کوردستان و ڕیفراندۆم زیاتر و زیاتر بكات. لە ناوخۆیش ئەوە چەندین ساڵە (سەرۆك بارزانی) هەوڵ دەدات ناوماڵی كورد و هێزی پێشمەرگە یەك بخات و بارودۆخێكی باشی ئابووری دروست بكات بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك نەتوانێت لە قۆناغی بوونەدەوڵەتدا زۆررمان بۆ بهێنێ."
وهك (گۆران) دهڵێ، ''لە گۆڕەپانی جیهانیشدا (سەرۆك بارزانی) لە هەموو دەرگایەكی داوە بۆ ئەوەی زەوینەی سەربەخۆیی ساز بكات و دۆست زیاد بكات، لە هەموو سەردانەكانیشیدا ئەم بابەتەی ورووژاندووە. لە دواسەردانەکەی 'میونشن'ـیشیدا وەكو شاندێكی سەربەخۆ و جیاواز لە شاندی عێراق بەشدار بوو. بێگومان لە دیدارەكانی میونشندا (سەرۆك بارزانی) بابەتی ڕیفراندۆمی تاوتوو كردووە و توانیویەتی پاڵپشتیەكی زۆر باشی بۆ بەدەست بهێنێ."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی جەختیشی كردەوە: "(سەرۆك بارزانی) هەردەم باوەڕێكی پتەوی بە مافی چارەی خۆنووسین و بوونەدەوڵەت هەبووە و هەر كاتێك تۆسقاڵێك دەرفەت و ڕووناكایی هەبێت بۆ ئەوەی سەرۆك ئەم مافەیەی نەتەوەكەی تاوتوێ بكات ئەوا بە دڵنیاییەوە لە گشت جێهان كردوویەتی، ئەوسا و ئێستایش."
(خەسرەو گۆران) ڕایشیگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی تەواویان بە دەوڵەتی سەربەخۆی گەلی كوردستان هەیە و هیچ كات و ساتێك لەم كارەش دوودڵ نەبوونە، بەڵام خۆ دەبێ زەوینە گونجاو بێ؛ لەوانەش ڕەوشی سیاسی و ئابووری و تەناهی و نێونەتەوەییی هەرێمە، كە ئەگەر ئەم فاكتەرانە وەكو پێویست لە زەوینەدا بن ئەوا بێگومان (سەرۆك بارزانی) ئەم بابەتە جێبەجێ دەكات."
(د. چواس حەسەن) مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) لە سەردانەكەی میونشندا هەنگاوێكی تری نا بۆ ئەوەی بە دنیا بڵێت، كە ئێوە دەبێ مامەڵەیەكی دروست بە قەدەر ئەركەكانی هەرێم بكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. ئەویش بە ڕێگای ماددی و مەعنەوی و لە دوو ئاستدا؛ یەكێكیان (سەرۆك بارزانی) بە جیهانی گوت كە دەبێ لە شەڕی داعشدا هاوكارییەكی تەواوی هێزی پێشمەرگە بكەن و بیانوو نەدۆزرێتەوە بە ناوی یاسای ناوخۆیی و دەستووری وڵاتان، دەبێ پاڵپشتی پێشمەرگە بن بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ. لە ئاستی ڕیفراندۆم و مافی چارەنووسیشدا باش پشتی ئەم میللەتە و ئەم هەرێمە بگرن، چونكە ئێمە ڕۆڵی دەوڵەت دەبینین لە ناوچەكە و مامەڵەی دەوڵەتمان لەگەڵ ناكرێت و نەبووینەتە دەوڵەت."
ئەو پسپۆڕەی یاسای نێودەوڵەتی ئاماژەیشی دا: "زۆر سەرۆكمان لە ناوچەكەدا بینی شكستیان بە خواستەكانی نەتەوەكەیان هێنا، بەڵام (سەرۆك بارزانی) لە ئەرك و پۆستەكەی دا و، لە سەردان و پێشوازییە نێودەوڵەتییەكاندا و ڕاکێشانی جیهان بۆ پاڵپشتیی گەلەكەی، ئەوپەڕی سەركەوتنی بەدەست هێناوە و پردێكی پتەوی لەنێوان هەرێم و جیهاندا دروست كردووە."
(د. چواس حەسەن) ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای ڕووداوەكانی هاتنی داعش و مەترسییەكانی بۆ سەر هەرێم، ئەوا هەر زوو سەرۆكی فەرەنسا و زۆرینەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی زلهێز سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد. هەر لە ئاماری سەردانەكانی پاریشدا، بەرپرسە باڵاكانی وڵاتانی ئەورووپا 43 جار سەردانی ههرێمیان کردووە. دیارە ئەورووپا گرینگییەکی زۆر دهدا بە هەرێمی كوردستان؛ هۆکارەکەیشی هەم هەڕەشە جیهانگیرەکەی داعشە و، هەم ئەو هەموو ئاوارەیەی هەرێمی کوردستان داڵدەیانی داوە؛ خۆی ئاوارەیش جۆرە مەترسییەکە بۆ ئەورووپا. هەروابێتەوە وردەوردە هەرێمی كوردستان تێكەڵی بازاڕی نەوتی جێهان دەبێت. ئەمانەش وای كردووە كە وەكو كارەكتەرێكی کارییگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مامەڵە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا بکەن."
