وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داهاتی نەوتی مانگی یەک ئاشکرا دەکات
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیێنێت: "لەمانگی 1-2016 بڕی 18 ملیۆن و 656 هەزار و 131 بەرمیل نەوت لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمی کورستان هەناردەکراوە و بڕی 650 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە".
رۆژی پێنجشەممە، 25-2-2016، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا مانگانە راپۆرتی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی نەوت و ژمارەی عەمباری نەوت بڵاودەکاتەوە.
لەمانگی 1-2016 حکومەتی هەرێمی کوردستان 18 ملیۆن و 656 هەزار و131 بەرمیل نەوتی خاوی لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان کردووە کە دەکاتە 601 هەزارو 811 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
لەو بڕە، ئەو کێڵگانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن 14 ملیۆن و 16 هەزار و 489 بەرمیل نەوتیان لێ هەناردەکراوەو ئەو کیڵگانەش کە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکوورن، بڕی 4 ملیۆن و 639 هەزار و 642 بەرمیل نەوتیان لێ هەناردە کراوە.
بە پێی راپۆرتەکە، کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان 21 کەرەتی نەوتیان گواستووەتەوە، لەکۆی هەموو ئەو هەناردەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 650 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر ئەژماری بانکی حکومەتی هەریمی کوردستان و بڕی 75 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت داوە و 575 ملیۆن دۆلاریش لەسەر ئەژماری بانکی حکومەتی هەریمی کوردستان ماوەتەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە" هەوڵدەدات لەداهاتوودا مانگانە زانیاری ورد و شەفاف لەسەر رێککەوتنە نەوتییەکان بڵاوبکاتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پەرەپێدانی بەرنامەی شەفافیەتی وەزارەتەکەیە."
وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان رایدەگەیێنێت" بەهۆی ئەو هەل و مەرجانەی کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، لە مانگی یەکدا بۆ رۆژێک هەناردەکردنی نەوت وەستاوە".
رووداو
