نێچیرڤان بارزانی و كونسولی كوێت دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 25 - 2 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری كونسوڵی گشتیی کوێت لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا بەرێز سەرۆك وەزیران پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانی و ڕۆژی ڕزگاری لە كونسولی كوێت و لە رێگای ئەویشەوە لە سەركردایەتی و گەلی كوێت كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كارەكانی كونسولخانەی كوێت لە هەرێمی كوردستان خواست. دواتر باس لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر و ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا بە تایبەتیش قەیرانی دارایی و ئەو ڕێكارانەی كە بۆ دەربازكردنی ئەو قەیرانە جێبەجێ دەكرێن لەگەڵ جێبجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ڕێكارەكان ڕووبەڕووی دۆخەكە ببێتەوە و ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت.
هەروەها ڕەوشی عێراق بەگشتی و پرۆسە سیاسى له وڵات و گرنگیی بەشداریی هەموو لایەن و پێكهاتە نەتەوەیی و تایفی و سیاسییەكان لەو پرۆسەیەدا دووپات كرایەوە و باس لە بەرنامەی ڕزگاركردنی مووسڵ و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوكاریی هاوپەیمان كرا. هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق و دوایین سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیداری جەنابی سەرۆك بارزانی و بەرێز سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا تاوتوێ كرا و لەمبارەیەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی كێشەكانیەتی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە و ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر دەستپێشخەریەك لەمبارەیەوە پیشان دا.
بەڕێزیان ئەوەشی بیرهێنایەوە كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و كەنداوی عەرەبی هەیە. لە بارەی دۆخی ناوخۆشهوه، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازییە گشتییەكان جددییە و تەواوی ئەو ڕێكارانە دەگرێتە بەر كە بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی چاكسازی پێویستن و بە هەموو شێوەیەكیش هەوڵ دەدات كە سەرچاوەی دیكەی داهات بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەلتەرناتیڤ بۆ نەوت و گاز.
لای خۆیەوە كونسولی كوێت سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی لەگەڵ كونسولخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كرد و دووپاتی كردەوە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دامودەزگاكانی حكوومەت و تەواوی چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان باشە و پەرە بە كاری مرۆییان لە هەرێمی كوردستان دەدەن و وەبەرهێنەرانی كوێتیش هان دەدەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی قهیرانى دارایى لەسەر دۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەربڕی.
