حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاریی ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی ئاشکرا کرد

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاریی ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی ئاشکرا کرد
سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دایەوە و ئاماری کوژراو و بریندارانی ڕووداوەکانی ھێرش کردنە سەر بارەگاکانی پارتی ئاشکرا کرد.



ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥\٢\٢٠١٦، “دیندار زێباری”، سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕاپۆرتێکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوەتەوە و سەبارەت بە ڕووداوەکانی ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان و قەڵادزێ، ئاشکرای کردووە: “بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (٢) کەس لە کەلار و (٣) کەس لە قەڵادزێ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان شەھید بوون و (٥٠) کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی زۆربەیان بەھۆی بەردەوە بووە. لەلایەکی دیکەوە دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە (١٨٣) کەسیش بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان دەستگیر کراون، پاش دەستگیرکردنیان دەرکەوتووە خۆپیشاندەرەکان تەمەنیان لە خوارووی تەمەنی یاسایی بووە کە داوای مووچەیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ بوون بە فەرمانبەر، بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە تەمەنت لە سەرووی (١٨) ساڵییەوە بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ھەموویان بە کەفالەت یان بە بەڵێننامە لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازادکراون”.



جەختیشی لەوە کردەوە کە (٩٨) خۆپیشاندانی جۆراوجۆری ئاشتییانە لە ھەولێر بە مۆڵەتی فەرمی و بێ مۆڵەت ئەنجام دراون و زۆر لە خۆپیشاندانەکانیش پەیوەندییان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەبووە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گیانی خۆپیشاندەرانی پاراستووە و زیانی بە ھیچ کەسێک نەگەیاندووە.



ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:



بەیاننامەی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ

رۆژی ٢٤/٢/٢٠١٦، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیھان بڵاوکردەوە و چەند لاپەڕەیەکی ئەم راپۆرتە تەرخانکراوە بە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بە سەدان منداڵ و ئافرەتی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون و کوژراون، بۆیە داعش وەک یەکێک لە سەرەکیترین ھۆکارەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان باسکراوە. ھەروەھا راپۆرتەکە رەخنەی مانەوەی سزای لە سێدارەدان، چاوپۆشی کردن لە میلیشیا ئێزیدییەکان بۆ ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە عەرەبەکانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان و زیندانی کردنی خەڵک بە بێ دادگایی کردن لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت ئەمانەی کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ئەنجامدراوە جۆرێکە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.

لە روانگەی بڕوابوونمان بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ھەرێمی کوردستان رووبەرووی تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە و دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکە رەخنە و سەرنجەکانی ئەم رێکخراوە بە ھەند وەردەگرین بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی کە بابەتین و گشتگیرنین.



ھەرچەندە عێراق لە رێکەوتننامەکانی تایبەت بە نەھێشتنی سزای لەسێدارەدان ئەندام نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەم سزایە زۆر بەرتەسک کراوەتەوە و رێژەی لەسێدارەدان بە رادەیەک کەمبووەتەوە کە دەتوانرێت کەیسەکان بژمێردرێت. لەلایەکی دیکەشەوە، سەبارەت بە زیندانی کردنی خەڵک بەبێ دادگایی کردن وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە دەبێت بگوترێت کە لە کوردستان ھیچ کەسێک دەستگیر ناکرێت تاکو دادگا بڕیاری لەسەر نەدات و دەستگیرکردنی ھەر کەسێک کە گومانی لێبکرێت بەپێی رێنمایی تایبەت دەبێت، پاش دەستگیرکرانیشی وەک ھەر بەندکراوێک مافی تایبەتی خۆی ھەیە. حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگا بە گشت رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی سەردانی بەندیخانەکان و بنکەکانی گرتن و گواستنەوە بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە بن لە ھەموو روویەکەوە، بەتایبەتی لەرووی پاراستن و پابەند بوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

سەبارەت بە چاوپۆشین لەو تاوانانەی کە میلیشیا ئێزیدییەکان ئەنجامیان داوە دژی عەرەبە سوننەکان، وەک بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە ئێزیدییەکان ھیچ میلیشیایەکی چەکدارییان نییە و ئەو ھێزە ئێزیدییەی کە ھەیە بەشێکی لە ھێزەکانی پێشمەرگە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرێت، ئەگەر تاوانێک بەرامبەر بە عەرەبەکانی ناوچە ئازاد کراوەکان ئەنجامدرابێت ئەوا کردەوەی تاکە کەسی بووە، نەک بە پلان و بەرنامە، ھەر لەمبارەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی راگەیاندووە ھەر کەسێک بەڵگەی ھەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و کوشتنی ھاووڵاتیانی عەرەب، ئەوا ئامادەیە لێکۆڵینەوەی تەواو بکات و سزای ئەنجامدەرانی ئەم کارە بدەن.

بەشێکی دیکە لە راپۆرتەکە باسکردنە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ئەو رووداوانەی کە لە چەند مانگی رابردوودا روویاندا، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەر کردنی ئەو ئاڵۆزیانەیە و چەندین کۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدراوە. دیارە قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە و موچەی ھەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵ و دابەزینی نرخی نەوت بووە ھۆی ئەوەی حکومەتی ھەرێم نەتوانێت وەکو پێویست مووچەی فەرمانبەران دابین بکات، ئەمەش نارەزایی خەڵکی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژی لەنێوان ھاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان روویاندا کە بە داخەوە لە ئەنجامدا چەند ھاووڵاتییەک بوونە قوربانی و چەند بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە سووتێنران.

بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (٢) کەس لە کەلار و (٣) کەس لە قەڵادزێ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان شەھیدبوون و (٥٠) کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی زۆربەیان بەھۆی بەردەوە بووە. لەلایەکی دیکەوە دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە (١٨٣) کەسیش بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان دەستگیر کراون، پاش دەستگیرکردنیان دەرکەوتووە خۆپیشاندەرەکان تەمەنیان لە خوارووی تەمەنی یاسایی بووە کە داوای مووچەیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ بوون بە فەرمانبەر بەپێی یاساکانی ھەرێم پێویستە تەمەنت لە سەرووی (١٨) ساڵییەوە بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ھەموویان بە کەفالەت یان بەڵێننامە لە ئاسایشی سلێمانی ئازادکراون.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە (٩٨) خۆپیشاندانی جۆراوجۆری ئاشتیانە لە ھەولێر بە مۆڵەتی فەرمی و بێ مۆڵەت ئەنجامدراون و زۆر لە خۆپیشاندانەکانیش پەیوەندییان بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەبووە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان گیانی خۆپیشاندەرانی پاراستووە و زیانی بە ھیچ کەسێک نەگەیاندووە.

لە کۆتاییدا وەک لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنین کە ئەم راپۆرتە بە ھەند وەردەگرین و دوای بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ھەرێم کراوە و بە ھاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی تێروتەسەلی راپۆرتەکە دەدەینەوە.

(بەیاننامە)

دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان
Top