کۆنسوڵی کوەیت: پێشمەرگە شەڕێکی پیرۆز دەکات لە دژی داعش
عومەر ئەحمەد کەندەری، کونسوڵی کوەیت لە هەولێر، لە مەراسیمەکەدا کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کوەیت کرد و گوتی: "پەیوەندیی باشی نێوان بارزانی و میری پێشووی کوەیت، وایکردووە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەمان رێزێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بگرن و دڵنیام هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی دەتوانێت ئەم قەیرانە داراییە تێپەڕێنێت ".
کۆنسوڵی کوەیت لەبەشێکی قسەکانیدا رۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش بەرزنرخاند و گوتی: " رێزمان بۆ پێشمەرگە هەیە کە توانیان مێژوویەکی رووناک بنووسنەوە و پێشمەرگە شەڕێکی پیرۆز دەکات لە دژی داعش".
عومەر ئەحمەد کەندەری باسی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوەیتی کرد و گوتی: "ژمارەی وەبەرهێنەرانی کوەیت لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێمە ئارەزووی دەکەین و پێویستە پەرەی پێبدرێت".
کوەیت وڵاتێکی عەرەبییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. پایتەختەکەی شاری کوەیتە کە لە باکوور و رۆژئاوایەوە دراوسێی عێراقە و لە باشووریشەوە دراوسێی وڵاتی سعودیەیە.
رووداو-
