ئەدهەم بارزانی: بۆ پاڵپشتی مەسعود بارزانی گەڕامەوە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان
ئەدهەم بارزانی تێبینی لەسەر ئەدای كاركردنی كادیرانی پارتی هەیە و دەڵێت "پارتییەكان پارتییان بە جۆرێك بچووك كردەوە كە جێگەی كەسێكی وەكو ئەدهەم بارزانیشی تێدا نەبێتەوە".
رووداو: ماوەیەك سەرقاڵی وەرگرتنی پێشنیازبووی بۆ دامەزراندنی حیزبێكی نوێ، بەڵام گەڕایەوە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە چۆن بوو؟
ئەدهەم بارزانی: راستە پێشتر پرسیارم كرد، ئایا ئەدهەم بارزانی لە كام پێگەی سیاسی لە كوردستان كار بكات و هەرێمی كوردستان پێویستی بە چی هەیە تاوەكو بەو شێوەیە خزمەتیان بكرێ. ئەو سیاسەتەی ئێستا لە كوردستان هەیە، كۆمەڵە حیزب و كەسێكن ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبەن. بۆ ماوەیەكی درێژ لەم كوردستانەدا دوو حیزب (پارتی و یەكێتی) دەسەڵاتی كوردستانیان 50 بە 50 بەدەستەوە بوو، چونكە رێككەوتنێكی هاوبەش هەبوو، ئەگەرنا بەگوێرەی هەڵبژاردنەكان پارتی 50+1ی دەنگی هێنا و دەیتوانی بەتەنیا حكومەت دروست بكات، بەڵام لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن و كوردستانیان دابەش كرد.
تەنانەت گەیشتە ئەوەی ئەگەر پارتی فەڕاشێكی دامەزراندبا، دەبووایە یەكێتیش یەكێك دابمەزرێنێ. دوای 2009 هەندێ لایەنی دیكە وەكو ئۆپۆزیسیۆن بەهێز بوون، چونكە لەدەرەوەی دەسەڵات بوون، دەستیانكرد بە رەخنەگرتن و باسی حكومەتی نیوە بە نیوەی پارتی و یەكێتی. بەڵام من بەوانە ناڵێم ئۆپۆزیسیۆن، چونكە ئۆپۆزیسیۆن بنەمای خۆی هەیە. ئەو سێ لایەنە باسی دەسەڵاتیان دەكرد كە بەشیان نەبوو. دوای هەڵبژاردنەكانی 2013 دەمانگوت ئەگەر ئەم لایەنانە بێنە نێو حكومەت، چونكە دروشمی زۆریان هەبوو لەسەر چاكسازی، دەمانگوت بەڵكو خێری هەبێ بۆ حكومەت و ببێتە هۆی هاتنەئارای دادپەروەری، بەڵام خۆم و خەڵكیش ئەوەی بینی كاتێك پێكهێنانی كابینەی هەشتەم نزیكەی ساڵێك دواكەوت و نەیانتوانی حكومەت پێكبهێنن. دەزانن بۆ؟ چونكە شەڕی وەزیر و پلە و پۆست بوو كە كێ وەزیرێك و پلەیەكی زیاتر وەردەگرێ، بەتایبەتی ئەوانەی تاوەكو دوێنێ ئۆپۆزیسیۆن بوون. بەڕاشكاوانە بە نێچیرڤان بارزانییان گوت دەبێ پشكی ئێمەش جێگەی هەبێ كە چەندین ساڵە پارتی و یەكێتی 50 بە 50 دەیخۆن و دەبێ ئەم لیستانە دابمەزرێنن و خانەنشین بكرێن! هیچ كام لەو سێ لایەنە ناتوانن ئەمە ئینكار بكەن، چونكە مەلەفیان هەیە و دەخرێتە سەر مێز و با خەڵك بیبینن. مەبەستم ئەوە نییە بەرگری لە پارتی و یەكێتی بكەم كە گەندەڵی و ئاڵۆزی لەسەردەمی حوكمڕانییاندا هەبووە.
رووداو: بەڵام وەڵامی پرسیاری یەكەممان وەرنەگرت؟
ئەدهەم بارزانی: دەبێ هەموومان كارێك بكەین نەكەوینە بەردەم هێرش و غەزەب و تووڕەیی ئەم میللەتە و ئەم قسەیەم بە سەرۆك بارزانیش گوتووە
دەبێ كارێك بكرێ نەكەوینە بەردەم غەزەب و تووڕەیی گەل
و بۆ سەركردەكانی پارتیش باسم كردووە. ناكرێ دەرفەت بدرێ بەرەڵایی رووبدات. پارتی خۆی مێژوو و سەروەرییە، بە رووبار خوێنی رشتووە بۆ ئامانجی بڵندی ئەم گەلە. پارتی رێگەی ئامانجی ئەم میللەتە بوو نەك ئامانج بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێچەوانە بووە، پارتییەكان ویستیان پارتی خزمەتیان بكات، گرفتەكە لێرەوە دەستی پێكرد. پارتی بچووك بووەوە و بچووك كرایەوە. ئەو چەترەی مەلا مستەفا هەڵیدابوو زۆر گەورە بوو، بەڵام ئەوەندە بچووك كرایەوە كە جێگەی ئەدهەم بارزانیشی تێدا نەما. ناچار بووم دەربچم و بیربكەمەوە كە خەڵكی ئێمە چییان دەوێ و چۆن خزمەتیان بكەین، بەڵام خەڵك پێیانگوتم دروستكردنی حیزبێكی نوێ بەباش نازانین و گوتیان ئەگەر میللەت ویستی گۆڕانكاری بكات
پارتی ئەوەندە بچووك كرایەوە جێگەی ئەدهەم بارزانیشی تێدا نەما
لە رێگەی حیزبەوە نایكات، بەڵكو لەڕێگەی بزووتنەوەیەكی جەماوەریی دەیكات. حیزب لە كوردستان لەقاڵب دراون و بوونەتە ئامانج بۆ گەلێك كەس نەك رێگەی خەبات. بۆیە گەڕانەوەی من بۆ نێو پارتی زۆر بە راشكاوانە دەیڵێم، ئەگەر ئەوەم بینیبایە بزاوتێكی دروست و راستەقینە كە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات و خزمەتی ئامانجی بەرزی ئەم میللەتە بكات و لەم قەیرانە رزگاری بكات و بەرەو رەفاهیەتی ببات، رەنگە لەنێویدا جێگەی من هەبووایە، نەك لەنێو پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ئەو بزاوتە نییە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم، هەر بڕیارێكی دیكەم دابا ئەوە ئاشی هەندێ لایەنی دیكەی دەگێڕا. گەڕانەوەی من بۆ نێو پارتی بۆ پاڵپشتی شەخسی مەسعود بارزانی بووە. ئەو
خەڵك پێیانگوتم دروستكردنی حیزبێكی نوێ بە باش نازانین
سیفاتانەی لە بارزانیدا هەن لە كەسایەتییەكی دیكەی كوردستاندا نایبینم و توانای ئەوەی هەیە كە كورد لە دەوری رابوەستن بۆ تێپەڕاندنی كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكە، چونكە هێشتا كوردستان نەبووەتە دەوڵەت.
رووداو: كەواتە لەسەر داوای بارزانی گەڕایەوە؟
ئەدهەم بارزانی: بە چەند رۆژێك پێش سەفەری سەرۆك بۆ میونشن، پێكەوە دانیشتین و زۆر بابەتمان باسكرد و بارزانی زۆری پێباش بوو بگەڕێمەوە، بەهەرحاڵ پێویستم بە كاك مەسعود هەیە. كورد لە باشوور، باكوور و رۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆ پێویستیان بە بارزانی هەیە. هەموو دنیا خۆیان بۆ شەڕێكی گەورە ئامادە دەكەن و گرێبەستی گەورە ئیمزا دەكرێن بۆ كڕینی چەكی گەورە لەلایەن ئێران، سعودیە، عێراق و پاكستان. شەڕێكی بەهێز لە یەمەن و سووریا هەیە. ئەوە زیاتر لە 20 ساڵە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە بوو یەك هێز و یەك ئاسایش و یەك پێگە دروست بكەین، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی.
هێشتا هێزی پارتی، هێزی یەكێتی و هێزی پەكەكە هەیە و لە هیچ شوێنێك نەبووەتە هێزی نیشتیمانی. با هیچ عەقڵێك ئەوە قبووڵ نەكات بە لەدەستچوونی هەولێر و دهۆك، سلێمانی بەسەرفرازی دەژیت.
رووداو: هیچ مەرجێكت هەبوو بۆ گەڕانەوە؟
ئەدهەم بارزانی: كاتێك دەستم لەكاركێشایەوە نووسیم: كە جام پڕبێ لەسەری دەڕژێ. لای من جامەكە پڕببوو، نووسیم بۆ من نییە ئیدی لێرە (لەناو پارتیدا) بمێنمەوە. كە گەڕامەوە نێو پارتی لە كۆبوونەوەی 18/2/2016 گوتم ئێوە دڵنیا دەكەمەوە كە كاك مەسعود بەتەنیا جێناهێڵم، چونكە شیمانەی ئەوە هەبوو بارزانی بەتەنیا بمێنێ و لە دژی بوەستنەوە. هیچ مەرجێكی تایبەتم نەبووە، بەڵكو هەندێ مەرجی كاركردنم هەبووە كە بتوانم رۆڵی خۆم لە هەندێ كاری سەرەكیدا ببینم. ئامانجی من ئەوە نییە ناوی ئەندامی سەركردایەتی لەسەر من بێ، پارتی 50 ئەندامی سەركردایەتی هەیە. ئینشائەڵڵا لە ئایندەیەكی نزیكدا دەردەكەوێ كە چ كارێك دەكەین.
رووداو: راستە دەچی بۆ سلێمانی و لەوێ كاردەكەی؟
ئەدهەم بارزانی: هەر شوێنێ پێویستی بە من هەبێ دەچم. من دەمەوێ ببمە بەشێك لە چارەسەری كێشەكان و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، بۆ ئەوەش ئامادەم بچمە دۆزەخیش. سلێمانی بەشێكە لە سنووری خەباتی پارتی. بەڵێ هەر كاتێك پارتی داوام لێ بكات بە شانازییەوە دەچمە سلێمانی. من كەیفم بە سلێمانی دێ و رۆژانە پەیوەندی بەردەوامم هەیە و ئامادەم بچمە ئەوێ.
رووداو: یەكەم كەس بووی لەنێو پارتی سەردانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانت كرد، هەر ئەو سەردانە گەلێك دەرگای دیكەی لە نێوان پارتی و گۆڕان كردنەوە، ئێستا بارزانی چی دەڵێ لەسەر نەوشیروان مستەفا؟
ئەدهەم بارزانی: پارتی هەوڵێكی زۆری دا لەگەڵ گۆڕان ئاشتبوونەوەیەك بكرێ. رێزێكی تایبەتم هەیە بۆ نەوشیروان مستەفا و خەباتەكەی، ئەو كاتەی
نەوشیروان مستەفا قەولەكەی بەجێ نەهێنا
من سەردانی نەوشیروان مستەفام كرد نە لەناو پارتی و نە لەناو یەكێتی كەس سەردانی نەكردبوو، من دەرگام كردەوە و سەهۆڵەكەشم تواندەوە، دەبووایە نەوشیروان مستەفا قەولی خۆی بەجێهێنابا بەڵام بەجێی نەهێنا، نەدەبوو رێگە بدات ئەوەی كرا رووبدات و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بگاتە ئەو ئاستە. چونكە خۆی گوتی (چوار ساڵی ئارام دەبێ). دەكرا هەر لەگەڵ خودی كاك مەسعود ئەم بابەتەی باسكردبایە، نەك لە رێگەی هاندانی پەرلەمانتاران كە دۆخەكە گەیشتە ئەمڕۆ و پەرلەمانی كوردستانیش پەكی كەوت.
رووداو: راستە ئەم دۆخە وەكو دەگوترێ بە كۆبوونەوەیەكی نێوان بارزانی و نەوشیروان مستەفا چارەسەر دەبێ؟
ئەدهەم بارزانی: نەخێر وا نییە، چونكە قودرەتی سیاسی نەوشیروان مستەفا لە ئاستی بارزانیدا نییە، بگرە لە ئاستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشدا نییە، راستە گۆڕان 24 و یەكێتی 18 كورسییان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بەڵام لەسەر ئەزر یەكێتی بەهێزترە. چۆن ئەگەر ئەو دوو كەسە یەكدی ببینن كێشەكان چارەسەر دەبن؟ ئەی یەكێتی! ئەویش قسە و پێگەی خۆی هەیە و لایەنی دیكەی سیاسیش هەن.
رووداو: ئێستا بارزانی پرۆژەیەكی چاكسازی راگەیاندووە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، ئەم پڕۆژەیە چۆن جێبەجێ دەبێ؟
ئەدهەم بارزانی: بەڕای من ئەم بابەتە لە گەندەڵی زۆر گەورەترە، گەندەڵی هەر دەبێ، بەڵام ئەوەی هەیە لە گەندەڵی تێپەڕیوە و تاڵانە تاڵان. پرۆژە
ئەوەی لە كوردستان هەیە تاڵانە و لە گەندەڵی تێپەڕیوە
هەیە بایی 140 ملیۆن دۆلار بووە، كەچی كاتێك تەواو بووە 400 ملیۆن دۆلار زیاتری لێ خەرجكراوە. نابێ چاوەڕێ بكەین ئەو كارانەی 20 و ئەوەندە ساڵە دەكرێن بە یەك بڕیار چارەسەر بكرێن. ئایا كێ و چ بەرپرسێك بە كێ دەگۆڕێن؟ چ بەرپرسێك هەیە دەستی خۆی بە گەندەڵی پیس نەكردبێ؟ مەگەر كەسێك هەبێ خودا پاراستبێتی و گەندەڵیی نەكردبێ. دەبێ ئالیەتێكی زۆر ورد دابنرێ، ئەگەرنا كێشەی زۆر گەورەتر روودەدات.
رووداو: ئەی چۆن دەستپێدەكرێ؟
ئەدهەم بارزانی: دەبێ حكومەت بە سیستەمی خۆیدا بچێتەوە، هەندێ كەس و وەزیر و قانون بگۆڕدرێن، چونكە ئەگەر موحاسەبەی كەس نەكرێ و بە رەش نەڵێن رەش، چاكسازی ناكرێ.
رووداو: دەڵێن دەبێ گەندەڵی بە بەڵگە بخرێتەڕوو، ئایا بەڵگە وا بە ئاسانی دەستدەكەوێ؟
ئەدهەم بارزانی: ژیانی ئەم خەڵكە هەمووی بەڵگەیە. ئەوەی لەدەستی زۆر كەسدایە با لێی بپرسن چۆن هێناوتە و لەكوێ هێناوتە؟ مووچەت هەیە، بەچاوان وەرە با حیساب بكەین چەندە و ئەوەی هەتە بە مووچە بەدەستدێ؟ شتەكە روون و ئاشكرایە.
رووداو: دەگوترێ پارتییەكان خۆیان ئامادە نین پڕۆژەی بارزانی جێبەجێ بكەن؟
ئەدهەم بارزانی: هیچ كارێك نییە ئاستەنگی نەبێ، بەڵام پێویستە لەسەر جەنابی سەرۆك كە بە هەر قیمەتێك بێ، بڕیارەكانی ئەمجارە جێبەجێ
ئەگەر بڕیارەكانی بارزانی جێبەجێ نەكرێن شتی زۆر گەورە لەدەست دەچن
بكات، چونكە جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارانە یەكسانە بە لەدەستدانی بەشێكی هەرە گەورەی ئەو واقیعەی كە هەیە.
روونكردنەوەیەك لە ئەدهەم بارزانییەوە
لە ژمارە (397)ی هەفتەنامەی (رووداو)دا لە رۆژی 22/2/2016 بڵاوبووەتەوە. باسی پرۆسەی چاكسازیم كردووە لەوێ دەڵێم "ئایا هیچ بەرپرسێك هەیە دەستی خۆی بە گەندەڵی پیس نەكردبێ، مەگەر كەسێك هەبێ خوا پاراستبێتی" مەبەستم لەوە (لەنێو هەموو حیزبەكاندا بەرپرس هەن، تووشی گەندەڵی بوون. مەگەر بەرپرسێك خوا پاراستبێتی).
ئەدهەم بارزانی
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
رووداو
