دیندار زێباری: هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان بوونی مینی چێندراوە
لە روونکردنەوەکەی د. دینداری زێباریدا ئاماژە بە بە کا و چالاکییەکانی ئاژانسی یو ئێن دی پی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵەی ئامۆژگاری مین کە رێکخراوێکی بەریتانیە لە کوردستان کروە.
وێنەیەک لەو راپۆرتە بۆ ئاژانسی بانسیوز نێردراوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
هەریەکە لە ئاژانسی یو ئێن دی پی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵەی ئامۆژگاری مین کە رێکخراوێکی بەریتانیە رایانگەیاند هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان پاش رزگارکردنی ناوچەکانیان بوونی مینی چێندراوە لە ناوچە رزگارکراوەکان.
د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "وەک لیژنە چەندین جار جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هۆکارێکی سەرەکی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوونی مینی چێندراو و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستە لە ناوچەکان، ئەوەی لەم دواییانەدا لە 22ی شوباتی 2016 لەلایەن یوئێن دی پی و کۆمەڵەی ئامۆژگاری مینی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کە ئێمە بڵاومانکردوونەتەوە، بەڵام دانپێدانانی ئەمە لەلایەن چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە حکومییەکان پێکەوە کاری جددی بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی لە پێشن بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە بەتایبەت لەرووی سەقامگیری ئەمنی و گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانە".
ئاژانسی یو ئێن دی پی ( پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان) کە ئاسانکاری سەرمایەگوزاری بۆ سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانە بەتایبەتی لە ناوەراستی عێراق دەکات، کە لەژێر دەستی داعش رزگارکراون دەڵێت: " هۆکارێکی سەرەکی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی دەوروبەری رومادی، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالا بوونی مینی چێندراو و دانانی بۆمبە لەناو ماڵەکاندا، چوونکە ئەمە بووەتە مەترسیەکی گەورە بۆسەر ژیانی ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەجۆرێک لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک بنەماڵە کە گەڕاونەتەوە رومادی مینیان پێدا تەقیوەتەوە گیانیان لەدەست داوە".
بە هەمان شێوەی یو ئێن دی پی، کۆمەڵەی ئامۆژگاری مین کە رێکخراوێکی بەریتانیە و ماوەی 24 ساڵە لە باشووری کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای مین سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مینن و تاوەکو ئێستا 85 کیلۆمەتر زەوی چوارگۆشەیان لە مین پاککردووەتەوە، ئەم کۆمەڵەیە دەڵێت: "بوونی رێژەیەکی زۆر مینی چێندراو کارێکی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نەتوانن پاش رزگارکرانی ناوچەکانیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
باسنیوز
