دزەیی: پەکەکە لە تەقاندنەوەی لوولەنەوتەکەی ھەرێم بە بەرپرسیار دەزانین
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبونەوە گەورەکەی ئەمڕۆ (23/2/2016)ی لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە دارایی و ئابوورییەکەی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، یەکەم کاری حکوومەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ھەرێمی کوردستانە و ھۆکاری قەیرانەکەیش، هەمووی لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستاندا نییە.
(16/2/2016) لە سنووری شاری ڕووحا لە باکووری کوردستاندا دیسان ھێرش کرایە سەر لوولەنەوتەکەی ھەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیھان؛ دیارە ئابووریی و دارایی ھەرێمی کوردستان بە نەوتەوە بەندە.
(سەفین دزەیی)، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەندێ ھۆکاری قەیرانەکان لە دەرەوەی دەستەڵاتی ھەرێمی کوردستاندایە، ھاوکات ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بە لایەنی کەمەوە مووچەی مانگانەی مووچەخۆران دابین بکات، ئەمەش یەکەم کاری حکوومەتە؛ بە داخەوە پارەی فرۆشی نەوت و داھاتی ناوخۆ، بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکا و، کەم دێت."
(دزەیی)گوتیشی: "ئێستا ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ھەناردەکردنی نەوت، لەو بڕەی دەیفرۆشێت کە ڕۆژانە 600ھەزار بەرمیلە مانگانە 450ملیار دیناری دەبێ، داھاتی ناوخۆیش 120ملیار دینارە کە ئەمە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە وەستانی ھەناردەی نەوتی کوردستان بەھۆی تەقاندنەوەی لوولەنەتەکانی کوردستان لە خاکی تورکیا، (سەفین دزەیی) گوتی: "پەکەکە بەرپرسیار دەزانین لە تەقاندنەوەی لوولەنەوتەکەی ھەرێمی کوردستان؛ بە داخەوە ئەوە چەند جارێکە پەکەکە ھێرش دەکاتە سەر لوولەنەوتەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسیارەتیی خۆیشیان ڕاگەیاندووە! چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوتەبێژی کەچەکە لەبەر ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، بە ئاشکرا هەڕەشەی دەکرد، بە تایبەتی لە بواری گازی سروشتی، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی پەکەکە بەرپرسیارە لەم کردە نابەرپرسانەدا."
(دزەیی) دەیشڵێ: "ئەو لوولەنەوتەی بە شاری (ڕووحا)دا دەڕوا ئێستا پەکی کەوتووە؛ لە ھەندێک ناوچە مینڕێژکراوە، بۆیە بە ئاسانی تیمەکان ناتوانن پێی بگەن و نۆژەنی بکەنەوە؛ جا لەبەر ئەوە لە ماوەی ئەو حەفتەیەدا کە ھەناردەی نەوت وەستاوە ئەگەر ھات و لەم حەفتەیە نەوت ھەناردە کرابا داھاتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی 100ملیۆن دۆلار دەبوو."
