سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە 23ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك بەیكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باس لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 و دیدار و چالاكییەكانی سەرۆك بارزانی لەو كۆنفڕانسە و ئەنجامەكانی كرا. هەروەها بیروڕا لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێم و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەكردنی قەیرانەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی بریتانیا ئامادەیی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە لە ڕێگەی ڕاوێژ و ناردنی تیمی تەكنیكیی پسپۆڕ یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات لە تێپەڕاندنی قەیرانەكە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و عێراق و شەڕی داعش كرا و هەروەها ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش تاوتوێ كرا.
