عەقید رووکن شوان، فەرماندەی لیوای دوو: جگە لە پێشمەرگە، کەرکووک پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە

عەقید رووکن شوان، فەرماندەی لیوای دوو: جگە لە پێشمەرگە، کەرکووک پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە
وەک بەرپرسە کوردەکانی کەرکووک دەڵێن، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەبێ ھیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕەنگ و دەنگ و ئایین و مەزھەب لە شارەکە و کوردستان بە گشتی، پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی لەئەستۆ گرتووە، کاتێک دەجەنگێ بۆ ھەمووانە، کە ئازادی و ئارامییش دابین دەکات بۆ مانەوەی سەقامگیریی دانیشتووانە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنەوەی شوێنە چۆلکراوەکانی سوپای عێراق لە سنووری شاری کەرکووک، ئیستا بۆتە یەکێک لە شارە ئارامەکانی عێراق.



​فەرماندەی لیوای دووی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە ھەفتانەی راگەیاند: وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری شاری کەرکووک توانیومانە بەرەنگاریی تیرۆریستان ببینەوە و رێگرییان لێ بکەین و لە ھێرشکردنە سەر سنوورەکانی شارەکەش شکستیان پێ بێنین".



عەقید رووکن شوان، فەرماندەی لیوای دوو گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە بۆ ھەموو جیھانی سەلماند کە ھێزێکی راستەقینەی ئەم وڵاتەیە، ئەو شەڕەی ھێزی پێشمەرگە دژ بە تیرۆریستان و داعش کردی، نیشانەی خۆڕاگری و بەرخودان بوو، ئێمە ھەموو دانیشتووانی شاری خۆشەویستی کەرکووک و ھاووڵاتییانی کوردستان بە گشتی دڵنیا دەکەینەوە، تاکو دڵۆپە خوێنێک لە گیانماندا بێ ئەوە بە گیان و خوێنی خۆمان بەرگری دەکەین و لوولەی چەکمان رووبەڕووی دوژمنان دەکەینەوە و چۆکیان پێ دادەدەین".



عەقید شوان گوتیشی: "تا ئێستا چەندین جار توانیومانە شکستی گەورە بە تیرۆرستان بێنین و چەندین ناوچەی گرنگ و ستراتیژی لەژێر دەستیان دەربێنین، ئەمەیش بۆ سەقامگیری و ھێمنیی شارەکە و خۆشبەختیی دانیشتووانی شاری کەرکووکە".



ئەو فەرماندەیە گوتیشی" سنوورەکانی کەرکووک زۆر بە تۆکمە توند کراون و ھیچ ھێزێک نییە بتوانێ ئەو سنوورانە ببەزێنێ، شاری کەرکووکیش جگە لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان پێویستی بە ھیچ ھێزێکی دیکە نییە بۆ پاراستنی، ئەرکی پاراستنی ئەو شارە لە ئەستۆی پێشمەرگەیە و ھاووڵاتییان خۆشحاڵن بە بوونی پێشمەرگە لە سنوورەکانی شارەکە".



عەقید شوان گوتیشی: "نە کەرکووک و نە سنوورەکانیشی، ھیچ پێویستییان بە ھاتن و بوونی ھێزی حەشدی شەعبی و ھێنانی ھێزی دیکە نییە و پێشمەرگە پاراستوویەتی و دەیپارێزێت".



ھەر سەبارەت بەمەیش، ڕێبوار تەڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رای گەیاند: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە مایەی خۆشحاڵی بۆ دانیشتووانی شاری کەرکووک و ئەو ئارامییەی ئێستا لە ناوچەکەدا ھەیە".



سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە توانیویانە بەشێوەیەکی زۆر باش بەرگری لە شارەکە و دانیشتووانەی بکەن، بەبێ جیاوازی لەنێوان کەسێک و کەسێکی دیکەدا، ئەمەیش یەکێکە لە نیشانە گرنگەکانی سەرکەوتن" .



ریبَوار تاڵەبانی گوتیشی: "ھەر ھێزیکی دیکە بیەوێت بێتە کەرکووک و سنوورەکانی، بەبێ ھاوئاھەنگی و ھاوکاریی ھێزەکانی پێشمەرگە سەرکەوتوو نابێت و تووشی شکست دێت، پێویستە ھەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە سنوورەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە پتەو بکەن و ھاوکاری یەکدی بن بۆ سەرکەوتن لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان و بنبڕکردنیان لە سنوورەکە".



عەقید تارق، جێگری فەرماندەی لیوای ٩ی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری سەنگەرەکانی قەزای داقوق لە باشووری کەرکووک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (باس)ی راگەیاند: "ئێمە سەربازین، تەنھا بڕیاری سەرووی خۆمان جێ بەجێ دەکەین و ھیچی تر، ئەوەی بڕیار نەبێت لای ئێمە پێچەوانەی یاسای سەربازییە".



عەقید تاریق گوتیشی: "بوونی ئێمە لەم سنوورە بە مەبەستی پاراستنی سەر و گیان و ماڵی ھاووڵاتییانە، تاکە شتێک دەتوانێ بمانجوولێنێ بڕیاری سەرکردایەتی و سەرووی خۆمانە و ھیچی تر".



جێگری لیوای ٩ی ھێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی: "ئێمە کاتێک بڕیارێکمان لە سەرووی خۆمانەوە لە سەرکردایەتیی کوردستان بۆ دێت، راستەوخۆ جێبەجێی دەکەین و ملکەچی بڕیارەکانی دەبین، ئەگەر بڵێن ھێرشکە ھێرش دەکەم، بڵێ بڕۆ پێش دەچمە پێش، بڵیِ بگەڕێوە دەگەڕێمەوە، بڵێ بوەستە دەوەستم".



ھەر سەبارەت بەمە، تەحسین کەھییە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک لە لیستی بەرەی تورکمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە ھەفتانەی (باس)ی راگەیاند: "کەرکووک لە چەندین لاوە بە تیرۆرستان دەورە دراوە و پێویستی بە بەرگرییەکی زۆرر باش و پتەو ھەیە، بۆ ئەمەیش ھەر کەسێک و ھێز و لایەنێک بێت و بیەوێت شارەکەمان لە دەستی تیرۆرستانی داعش بپارێزێت، بەتایبەتیش ھێزێکی عێراقی بێت، زۆر ئاساییە، چونکە شاری کەرکووک شارێکی عێراقییە و ئەرکی پاراستنیشی لە ئەستۆی عێراق و سوپای عێراقدایە.



پێویستە ئێمە بە گیانی تەبایی و یەکڕیزی بیر لە پاراستنی شاری کەرکووک و پێکھاتەکانی بکەینەوە، حەشدی شەعبیش بەشێکە لە ھێزەکانی سوپای عێراق و ئەگەر بیانەوێت بۆ پاراستنی کەرکووک و شەڕی داعش لە سنوورەکانی کەرکووک بێن، زۆر ئاساییە".










باسنیوز
Top