لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك پێشمەرگە 7 چەكداری داعش دەستگیر دەكات
كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگەیاند: "پێشمەرگەكانی لیوای 2 و 10 هێزەكانی پێشمەرگە 4 تیرۆریستی داعشیان بە ناوەكانی ئەحمەد رەعد عەبدوڵڵا، محەممەد خەلەف سەعب، عەلی حوسێن عەلی و موتعەب عەدای حوسێن دەستگیرکرد و بۆ لێكۆڵینەوە رادەستی ئاسایش و دژە تیرۆر کراون".
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك گوتی: "رۆژی 13ی ئەم مانگە 3 چەکداری دیکەی داعش كە لایەن پێشمەرگە قارەمانەكانی میحوەری رۆژئاوای كەركووك دەستگیرابوون رادەستی هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆركراون ئەوانیش بە ناوەكانی وەناس تەها خەلەف، كە لە گوندی عوفییە كاری هەواڵگری بۆ داعش كردووە، لەگەڵ مستەفا عەبدوڵڵا ئیبراهیم لە گوندی عەتشانە و حاتم كەریم فەرهود لە گوندی بابوجان".
لە قسەكانیدا: چەكدارێكی دەستگیركراوی داعش زۆر زانیاری تازە سەبارەت بە رەوشی ئێستای داعشی ئاشكرا کرد.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان وتی : "كە ئێستا داعش زۆرتر دەچێتە نێو دارستانەكانەوە، مەشقەكان و ئامادەكردنی بۆمبەكانیان و هەروەها سەربازگەكانیان بۆ نێو دارستانەكان گواستووەتەوە".
ئەو چەکدارەی داعش باسی بەدیلگرتنی 30 پێشمەرگە دەکات لە مەکتەب خالید و گوتی: "لە هێرشی شەوە تەمومژاوییەكە 30 پێشمەرگە لە مەکتەب خالید بەدیل گیران، هەموویان بردن بۆ پشت بازگەكەی مەكتەب خالید و لەوێوە بردیانن بۆ حەویجە، دواییش هەموویان گواستنەوە بۆ موسڵ".
رووداو - هەولێر
